بەردەوامیی دەسبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی ٣ چالاکی ژینگەپارێز؛ خەلیل پەرەندەک، شەهاب سولەیمانی و ئیدریس گوڵمحەممەدی
٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، بە ناوەکانی "خەلیل پەرەندەک"، "شەهاب سولەیمانی" و "ئیدریس گوڵمحەممەدی"، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و ئەم کەسانە لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ۱۴۰۵، «خەلیل پەرەندەک» پاش بانگکرانی تلفۆنی بۆ یەکێک لە دامەزراوە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە و بە تێپەڕبوونی حەفتەیەک، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ۱۴۰۵، دوو چالاکی دیکەی ژینگەپارێزی خەڵکی ڕوانسەر، «شەهاب سولەیمانی» و «ئیدریس گوڵمحەممەدی»، پاش بانگکرانیان بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرانەوە.
«خەلیل پەرەندەک» تەمەن ٣٩ ساڵ و چالاکی ژینگەپارێزە. «شەهاب سولەیمانی» تەمەن ۴۰ ساڵ، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری و چالاکی ژینگەپارێزە، و «ئیدریس گوڵمحەممەدی»یش تەمەن ٣٩ ساڵ و چالاکی ژینگەپارێزە. ئەم سێ چالاکە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پاراستنی ژینگەدا هەبووە و لەم پەیوەندییەدا چەندین جار بانگی دامەزراوە ئەمنییەکان کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزانە هێشتا بە نادیاری ماونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراوان لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندی و دیداری بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیراون.