پارتی ئازادیی کوردستان؛ ۹ پێشمەرگە لە هێرشێکی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیدا بە «فۆسفۆری سپی» بریندار بوون
پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۸ی پووشپەڕی ۱۴۰۵، لە کاتی هێرشێکی درۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر یەکێک لە بنکەکانی ئەم حیزبە، تەقەمەنییەک بەکار هێنراوە کە «فۆسفۆری سپی»ی تێدا بووە و ۹ پێشمەرگەی بریندار کردووە.
ئەم حیزبە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە: «بینین و پشکنینی ۹ کەس لە پێشمەرگە بریندارەکانی ئەم هێرشە و هەروەها ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاوی ژینگەیەک کە بە ئامانج گیراوە، نیشان دەدات ئەو تەقەمەنییەی لەم هێرشە دڕۆنییەدا بەکار هاتووە، فۆسفۆری سپیی تێدا بووە.»
پارتی ئازادیی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بە شوێنەوارە سووتێنەر و وێرانکەرەکانی بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی لەسەر مرۆڤ و ژینگە، داوای لە سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و سەرجەم دامەزراوە بەرپرسیارە نێودەوڵەتییەکان کردووە ڕێکاری یاسایی پێویست لەم بوارەدا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرنەبەر.
«هونەر ئەحمەد»، بەڵگەفیلمساز و ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دوو کەس لە پێشمەرگە بریندارەکانی ئەم هێرشە، نووسیویەتی: «سەردانی ئەم پێشمەرگانەم کرد کە بە وتەی پارتی ئازادیی کوردستان، لە هێرشێکی دڕۆنییدا کراونەتە ئامانج کە فۆسفۆری سپی پێ بووە.»
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا جەخت دەکاتەوە کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی سەربەخۆ ناتوانێت ئیدیعای بەکارهێنانی تەقەمەنییەک کە فۆسفۆری سپیی تێدا بەکار هێنرابێت لەم هێرشەدا پشتڕاست بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە سەرنجدان بە دەرهاوێشتە مرۆیی و یاساییە زۆر جیددییەکانی ئەم ئیدیعایە، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، بێلایەنانە و نێودەوڵەتی، بەڵگەنامەکردنی وردی بەڵگەکان، پشکنینی پزیشکیی بریندارەکان و لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی تەقەمەنییە بەکارهاتووەکان دەکات. لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەکارهێنانی چەکی سووتێنەر لەوانە تەقەمەنییەک کە فۆسفۆری سپی دژی کەس یان لە ناوچە مەدەنییەکان تێدا بەکار هاتبێ، لە ئەگەری سەلماندنیدا، دەکرێت ببێتە پێشێلکارییەکی جیددیی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پێویستی بە وڵامدەربوون و لێکۆڵینەوەی کاریگەر هەیە.
فۆسفۆری سپی ماددەیەکی کیمیایی و سووتێنەرە کە لە کاتی بەرکەوتنی لەگەڵ ئۆکسیژێندا بە خێرایی کڵپە دەسێنێت و پلەیەکی گەرمیی زۆر بەرز بەرهەم دەهێنێت. ئەم ماددەیە بۆ دروستکردنی دووکەڵ، ڕووناکی یان لە هەندێک تەقەمەنی سەربازیدا بەکار دێت، بەڵام لە ئەگەری بەرکەوتنی لەگەڵ لەشی مرۆڤدا دەکرێت ببێتە هۆی سووتانی قووڵ، زیانی توند بە شانە(بافت)کانی جەستە و تەنانەت مردن. لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی، بەکارهێنانی تەقەمەنییەک کە فۆسفۆری سپیی تیدا بێت دژی خەڵکە مەدەنییەکان یان لە ناوچە قەرەباڵغەکاندا قەدەغەیە و بەکارهێنانی دەبێت بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی جیاکاری، هاوسەنگی و وریایی ئەنجام بدرێت؛ بە پیچەوانەی ئەمە دەکرێت ببێتە نموونەی پێشێلکاریی جیددیی یاساکانی شەڕ و تەنانەت تاوانی جەنگ.