بۆکان؛ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی یوونس حەسەنخان و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار
٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ «یوونس حەسەنخان»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «برایم ئاباد»ی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە شێوازێکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەندین ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەی «ئاڵەشین»ی بۆکان، لە دەوروبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوان گوندەکانی «برایم ئاباد» و «ڕەحیم خان» و «یوونس حەسەنخان» ناسراو بە «یوونس حاجی تەها»یان لە کاتی ئاودانی زەوییەکانیدا، پاش لێدان و ئەشکەنجەدان و بێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە نادیارە و هێزە ئەمنییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە و لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیراوە.