ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداران لە نزیک سنە کوژرا + وێنـــە

14:57 - 8 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لە نزیک یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی سنە بە تەقەی کەس، یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارێی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٧ی رەشەممە، کەسێک بەناوی \"ئیبراهیم محەممەدی\" کوڕی عەلی دەروێش حوسێن و خەڵکی گوندی \"بەڕوەر\" سەربە بەخشی \"کەڵاتەرزان\"ی شاری سنە بە تەقەی کەس، یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

ئەو رووداوە لە نزیک گوندی \"هەژیەرە\"ی سەربە بەخشی \"ئارەنان\"ی شاری سنە هاتۆتە ئاراوە.

\"11275.jpg\"
ئیبراهیم محەممەدی
بەپێی ئەو راپۆرتە، ئیبراهیم محەممەدی کە بە \"بلە قەرەچی\" ناوبانگی دەر کردبوو، یەکێک لە ئەندامانی پێشووی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە.

هەتا ئێستا کەس یان کەسانێک لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو رووداوەی رۆژی رابردوودا دەستبەسەر نەکراون.

بەوتەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە، ئەو کەسە کوژراوە یەکێک لە ئەندامانی بە پێشینەی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەستێکی باڵای لە کوشت و بڕی لاوانی ئەو ناوچەیەدا بووە.