ئەندامێکی شوورای شاری بۆکان بەهۆی \"گرفتی کارگێریی\"ەوە دەستی لەکار کێشایەوە

14:35 - 14 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: شوورای شاری بۆکان یەکێک لە ئەندامە گرینگەکانی خۆی لە بەشی فەرهەنگیی ئەو کۆمەڵەیە لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە ئەندامانی شوورای شاری بۆکان بە ناوی ئاوات دوکاندار، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەرئاوەڵا، دەست لەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
ناوبراو بەرپرسی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شووراکە بوو.

لە نامەکەی دوکانداردا وا دەردەکەوێت کە لەگەڵ شارەوانی و شارەداریی بۆکان سەبارەت بە بیلانی کاری ئاوەدانکردنەوەی ساڵی ٩٤، کێشە و ڕای جیاوازیان هەبووە و لەم پێوەندییەدا ڕەخنەیان لە کاری یەکتر هەبووە.

\"29279.jpg\"
ئاوات دوکاندار
بە وتەی ئەو ئەندامەی چوارەمین خولی شوورا، کارەکانی شارەوانی ڕوون نین و لە کۆتاییشدا هەموو ڕەخنەکان بێ ئاکام دەبن.

دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شوورای بۆکان، سبەی سێ شەممە، لە کۆبوونەوەی شوورا دەخرێتە دەنگدانەوە.

ئاوات دوکاندار لەو نامەیەدا هیوا دەخوازێت کە بە ڕۆشتنی ئەو، سەربەخۆیی و کێشەی ماڵی، بێ‏بەرنامەیی و لاوازیی بەڕێوەبەریی لە شوورا چارەسەر بێت.

ئەو ئەندامەی شوورا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ماڵپەڕە خوجێییەکان، ڕەخنەی توندی لە کار و چالاکیی شارەوانی لە بواری خزمەتگوزارییەوە گرتبوو.

تا ئێستا لە چەندین شار و گوندی کوردستانی ئێران، ئەندامانی شوورا بە هۆکاری جیاجیا دەستییان لەکار کێشاوەتەوە کە زۆربەی زۆریان دەگەڵ شارەوانیی و باقی ئۆرگانە دەوڵەتییەکان کێشەیان هەبووە.

جۆزەردانی ساڵی ٩٢، هەڵبژاردنی شوورای شار و گوند هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێراندا بەڕێوە چوو.