ئەندامێکی سپای پاسداران لە شاری سەوڵاوادا کوژرا

15:38 - 20 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی سپای پاسداران، خەڵکی شاری قوروە، لە سەوڵاوادا کوژرا.

سەرچاوە خۆجێیەکان لە شاری سەوڵاوادا رایانگەندووە: \"ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"محەممەد ئەحمەدی\"، لە کاتی گشتلێدان لە شاری سەوڵاوادا کوژرا\".

هەتا ئێستا سەبارەت بە چۆنیەتیی کوژرانی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران، زانیارییەک ڕانەگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، پەیوەندییەکانی قەراگای حەمزە، باسی لە کوژرانی ٣ کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی ئەو قەرارگایە لە شاری پیرانشاردا کرد.

پەیوەندییەکانی قەراگای حەمزە ڕایگەیاندبوو: \"٣ کەس لە هێزەکانی قەرارگای حەمزە بە ناوەکانی حاسڵ ئەحمەدی، ستار پیروتی و ئومید مەلازادە کوژراون و هەروەها کەسێکی دیکەش بریندار بووە\".

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری جوانڕۆ باس لە کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"محەممەدخان سوڵێمان‌نەسب\"، خەڵکی گوندی \"تاوەگۆز\" و دانیشتووی شاری جوانڕۆ دەکەن کە لە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداریدا کوژراوە و دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی سپای پاسداران بە ناوەکانی \"لایەق سەیدی و ڕەئووف زارعی\"، بریندار بوون.