تاران؛ سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی سەجاد حائێری، نووسەر و مامۆستای زمانی کوردی، وەک خۆی پەسەند کرا
۳۰ی پووشپەڕی ۱۴۰۵؛ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاوی «سەجاد حائێری»، نووسەر، سێناریۆنووس و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەک خۆی پەسەند کرا و پێی ڕاگەیەندرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند: نزیکەی حەفتەیەک پێش ئێستا، سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاوی سەجاد حائێری کە پێشتر لە دوو دۆسییەی دادوەریدا لەلایەن دادگای ئینقلابەوە دەرچووبوو، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تارانەوە وەک خۆی پەسەند کراوە و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
سەجاد حائێری ڕۆژی ۲۱ی تیر پووشپەڕی ۱۴۰۴، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. هێزەکان هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلی کەسیی ناوبراو لەوانە لەپتاب، مۆبایل و دەیان بەرگ کتێبی پەیوەندیدار بە زمانی کوردی بەبێ پێدانی بەڵگەی یاساییدا گرتووە. ناوبراو ڕۆژی ۳۰ی پووشپەڕی ۱۴۰۴، دوای ۱۰ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی ۵۰۰ ملیۆن تمەنی لە گرتنگەی (ئەلف-۱)ی سپای ساروڵڵای تاران بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لە کاتی ئازادکردنیدا، تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم»ی خرایە پاڵ.
دواتر لە ڕۆژی ۱۲ی گەلاوێژی ۱۴۰۴، سەجاد حائێری بەرەوڕووی کرانەوەی دۆسییەیەکی نوێی دادوەری بووەوە و دانیشتنی لێپرسینەوەکەی لە دادسەرای ئینقلابدا بەڕێوەچوو. لەم دۆسییەیەدا سەبارەت بە تۆمەتی «تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست» بەرگریی لە خۆی کرد و لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی ئازاد کرا.
لە کۆتاییدا، سەرەتای ڕەزبەری ۱۴۰۴، دادگای ئینقلابی دەماوەند بە تۆمەتەکانی «چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی ڕێژیم» و «تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست» سەرجەم سزای ۲ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەر سەجاد حائێریدا سەپاند. هەروەها سزای تەواوکەری پێکهاتووە لە دوو ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامەتی لە حیزب، گرووپ و دەستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها دەستداگرتن بەسەر میدیا و دامەزراوەکانی بەشدار لە ئهنجامدانی تاوانەکەی بۆ دەرچوو.
سەجاد حائیری، نووسەر، سێناریۆنووس و مامۆستای زمانی کوردی، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئیلام و دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی دەماوەندی تارانە. ناوبراو برای «ئەحمەد حائێری»یە، کە بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەجە.