ئەندامێکی سپای پاسداران لە شاری بانە کوژرا

14:32 - 9 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەندامیکی سپای پاسداران لە شاری بانە لە لایەن هەڵوکانی زاگرۆسەوە کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمە، ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"عەلی قادری\" لە جاددەی بانە_سەقز کوژرا.

\"هەڵۆکانی زاگرۆس\" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسایەتی کوشتنی ئەو ئەندامەی سپای پاسدارانیان بە ئەستۆ گرتووە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز، ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران بە ناوی \"ساڵح قاسمی\" خەڵکی گوندی \"دێلێز\" سەر بە ناوچەی شەپیرانی سەڵماس و دانیشتووی شاری شنۆ لە لایەن کەسانێکی نەناسراوە کوژرا.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی گەڵاوێژ، ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران بە ناوی \"فەتاح مامڵ\" خەڵکی گوندی \"باڵاگیر\" سەر بە شاری شنۆ لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ \"پێشمەرگەکانی شار\" سەر بە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کوژرا.