ئەندامێکی سپای پاسداران لە سەوڵاوا کوژرا

15:22 - 5 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی سپای پاسداران لە شەڕ و تێکەڵچوونێک لە شاری سەوڵاوادا کوژرا.

ڕۆژی هەینی، ٤ی گەلاوێژ، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک باسی لە کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"سەید هادی ئوجاق\" کرد.

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لە هەواری \"ژۆنینی دەڵەمەرز\"ی شاری سەوڵاوا، لە شەڕ و تێکەڵچوونێک لەگەڵ یەکێک لە هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێراندا، کوژراوە.

قەرارگای حەمزە لەو بەیاننامەیەدا، ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە \"سەید هادی ئوجاق\" لەو شەڕەدا بریندار بووە و لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.