بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام؛ ئێرەج ئیبراهیمزادە لە سێدارە درا
ئێرەج ئیبراهیمزادە، بەندکراوی کوردی خەڵکی ئیلام کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قیساسی نەفسی بەسەردا سەپێندرابوو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕی ۱۴۰۵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام لە سێدارە درا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، سەرەڕای ئەوەی کە لە نزیکەی مانگێک پێشترەوە و دوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە لە بەرانبەر وەرگرتنی پارە، کەمپینگەلێک بۆ کۆکردنەوەی بڕی خوێنباکە دەستی پێکردبوو، ئەم بەندکراوە ڕۆژی سێشەممە ۳۰ی پووشپەڕی ۱۴۰۵ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گواززرایەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام و بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۳۱ی پووشپەڕ، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ کرا.
ئێرەج ئیبراهیمزادە، هاوڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵەی خەڵکی ئیلام کە سەڵت بووە، لە ڕێکەوتی ۱ی خەزەڵوەری ۱۴۰۲ بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای تاوانەکانی ئەم شارەوە سزای قیساسی نەفسی بەسەردا سەپێندرا. تەرمەکەی ڕۆژی ۳۱ی پووشپەڕی ۱۴۰۵ لە گۆڕستانی «ساڵح ئاباد»ی ئیلام بە خاک سپێردرا.
لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.
لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرجەم جۆرەکانی کوشتنی بەئەنقەست تەنیا ڕووبەڕووی سزای «قیساسی نەفس» دەبنەوە و هۆکارەکانی وەک بەرگریی ڕەوا، بارودۆخی ڕوودانی تاوانەکە یان مەبەستی تۆمەتبار ڕۆڵێکی سنوورداریان لە دیاریکردنی سزادا هەیە. ئەم پێکهاتەیە، لە لایەکەوە لەگەڵ مافی ژیان و دادپەروەریی دادگاییکردن کە لە بڕگەکانی ٦ و ۱۴ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هاتووە، و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ئەرکەکانی دەسەڵات لە پاراستنی گیانی و وەدیهێنانی دادپەروەریی گشتیدا، لە دژایەتیدایە.
بەپێی زانیارییە بەڵگەمەندکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە ساڵی ۲۰۱۲ەوە تا نیوەی یەکەمی ۲۰۲۶ لانیکەم ۹۰۷۸ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە ناسنامەی ۹۸۰ هاوڵاتیی کورد لە ناویاندا پشتڕاست کراوەتەوە. تەنیا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶دا زیاتر لە ۳۵۹ لەسێدارەدان تۆمار کراوە کە کوردەکان بە ۳۰ لەسێدارەدان بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی نەتەوەکانیان هەبووە. هەروەها لە ماوەی پێنج مانگدا (۲۷ی بەفرانباری ۱۴۰۴ تا ۲٦ی جۆزەردانی ۱۴۰۵) سزای لەسێدارەدانی ٤٦ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی بە شێوەیەکی بەپەلە و نهێنی جێبەجێ کراوە، کە بەرزترین ئامار لە کورتترین ماوە دوای دەیەی ۱۳٦۰ (۱۹۸۰یەکان) بە ئەژمار دێت.