ئیلام؛ ئاگرکەوتنەوە لە ٥ هێکتار لە دارستانە پارێزراوەکانی «قەڵارەنگ»

09:46 - 1 گەلاوێژ 2726

٣٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ دارستانە پارێزراوەکانی «قەڵارەنگ» لە پارێزگای ئیلام دوای چەندین کاتژمێر ئاگرکەوتنەوە و بڵاوبوونەوەی داوای هاوکاریی گشتی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، سەرەنجام دوای ۱٦ کاتژمێر بە بەشداریی هێزە جەماوەرییەکان و ئیدارەی پاراستنی ژینگە کۆنتڕۆڵ کرا. پێشبینییەکان و ڕاپۆرتە جەماوەرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری مرۆیی و هەوڵی هەندێک کەس بۆ خەڵووزکردنی دار، هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە بووە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ۱٤۰٥، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی «قەڵارەنگ» هەڵکەوتوو لە ناوچەی پارێزراوی ئیلام دەستی پێکرد و بەهۆی هەڵکردنی با بەخێرایی تەشەنەی سەند. دوای پەرەسەندنی ئاگرەکە، ئیدارەی پاراستنی ژینگەی ئیلام بە بڵاوکردنەوەی داوای هاوکاری، لە هێزە جەماوەرییەکان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان داوای یارمەتیی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کرد. لە کۆتاییدا دوای ۱٦ کاتژمێر هەوڵی بێوچانی هێزەکانی ئیدارەی پاراستنی ژینگە، هێزە جەماوەرییەکان و گرووپە خۆبەخشەکان، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام نزیکەی ٥ هێکتار لەم دارستانانە لە ئاگردا سووتان.

وێنە بڵاوکراوەکانی شوێنی ڕووداوەکە، گڕی بەربڵاوی ئاگر و ئامادەیی هێزە جەماوەرییەکان لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەدا نیشان دەدەن. هەروەها ئەم وێنەیانە ئاماژە بە بوونی شوێنەواری خەڵووزکردن لە ناوچەکەدا دەکەن؛ بابەتێک کە پێدەچێت ڕۆڵی لە سەرهەڵدانی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەدا هەبووبێت.

ناوچەی شاخاویی «مانشت و قەڵارەنگ» کە دەکەوێتە سەر شارەکانی ئیلام و سیروان، لە ناوچە پارێزراوەکانی ژینگە ئەژمار دەکرێت و بەشێکی بەرچاوی ڕووبەری ڕووەکیی ئەم جۆرە دارستانە پارێزراوە لە داری بەڕوو پێکهاتووە. نزیکەی ۱٤۳ هەزار هێکتار لە ڕووبەری یەک میلیۆن و ۷۰۰ هەزار هێکتاریی پارێزگای ئیلام، ناوچەکانی ژێر چاودێریی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەن. دینارکێو، کەبیرکێو، دۆڵی ئەرغەوان، بانکۆڵ، مانشت و قەڵارەنگ لە گرنگترین ژینگە و ناوچە سروشتییەکانی ئەم پارێزگایە بە ئەژمار دێن.