کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ ئەبووبەکر هووشەنگی، یەکێک لە بریندارانی هێرشە مووشەکییەکەی سپا بۆ سەر بارەگای ئەو حیزبە گیانی لەدەست دا

09:21 - 1 گەلاوێژ 2726

۳۰ی پووشپەڕی ۱٤۰٥؛ ئەبووبەکر هووشەنگی، پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، کە لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بارەگای «زڕگوێزەڵە»ی ئەو حیزبە لە پارێزگای سلێمانی لە ۲٦ی پووشپەڕی ۱٤۰٥ بەسەختی بریندار ببوو، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا. پێشتر ۹ پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە جەرگەی ئەو هێرشەدا گیانیان لەدەستدا بوو.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ ۳۰ی پووشپەڕی ۱٤۰٥، «ئەبووبەکر هووشەنگی» خەڵکی مەیوان، لە بریندارانی هێرشی مووشەکیی ڕۆژی هەینیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە «زڕگوێزەڵە» و دەوروبەری، بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا و چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بزووتنەوەی کوردستانەوە.

بەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بەهۆی هێرشی ٦ مووشەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سەر بارەگای حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "زڕگوێزەڵە" هەڵکەوتوو لە پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستانی عێراق، ٩ پێشمەرگەی ئەم حیزبە گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

ئەم حیزبە لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند کە کاتژمێر ٦ی بەیانی، بارەگاکانی حیزب لە ئاکامی هێرشی بەرفراوان و قورسی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرانە ئامانج و لە بەردەوامیی ئەو هێرشانەدا ۹ تن لە پێشمەرگەکانی حیزب گیانیان لەدەستدا. حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێرانی هەروەها جەختی کردەوە کە ئەمە یەکەم هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگاکانی ئەو حیزبە نییە و لە سەرەتای جەنگەوە تاکوو ئێستا، ئەم بارەگایانە بە سەدان مووشەک و درۆن کراونەتە ئامانج. ئەم حیزبە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هێرشانە ڕایگەیاند کە بەپێچەوانەی ئەم هەنگاوانە، ئیرادە و خەباتیان بەردەوام دەبێت و پێشمەرگە گیانبەخشکراوەکان، تازەترین شەهیدانی ڕێگای ئازادین کە ڕێگە و خەباتیان بەردەوامیی دەبێت.

ناو و ناسنامەی ٩ پێشمەرگە گیانبەختکردووەکە بەم شێوەیە:

یاسین کیان‌پوور: لەدایکبووی ١٤ی بەفرانباری ١٣٨٣، خەڵکی شازەند؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

زەکەریا فەقێ‌حەسەن‌ئاقا: لەدایکبووی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٨٢، خەڵکی بۆکان؛ لە لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

سیاوان نیکی‌خا: لەدایکبووی ٢٠ی ڕەزبەری ١٣٨٨، خەڵکی بۆکان؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

ئەحمەد مەحموودی:  لەدایکبووی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٧٢، خەڵکی بانە؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

فەرهاد قەمەری:  لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٥٢، خەڵکی دیواندەرە؛ لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

ڕەزا سادقی:  لەدایکبووی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٧٣، خەڵکی بۆکان؛ لە مانگی مەی  ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

کەسرا ڕەحمان‌نژاد: لەدایکبووی ١٥ی بەفرانباری ١٣٨٨، خەڵکی بۆکان؛ لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

سرووش نەسری: لەدایکبووی ٦ی جۆزەردانی ١٣٨٨، خەڵکی مەریوان؛ لە مانگی ژوئییەی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

سینا سەفەری: لەدایکبووی ٥ی خاکەلێوەی ١٣٨٧، خەڵکی شاباد؛ لە مانگی ژوئییەی ٢٠٢٦دا هاتووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە.

بەپێی ئامارە بەڵگەکراوەکانی ڕێکخراوی "کوردپا"، لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە تا ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥، زیاتر لە ٩٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی سەر بۆ کۆماری ئیسلامییەوە، بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمار کراون. بە گیانلەدەستدانی ئەبووبەکر هووشەنگی، ژمارەی قوربانییانی ئەم هێرشانە لانیکەم گەیشتە ٣١ کەس کە پێکهاتووە لە ٧ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش، ٢٠ پێشمەرگەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ٣ هاوولاتیی سێڤیل و سەربازێکی فەرانسەیە. هەروەها دەیان کەسیش ەم هێرشانەدا بریندار بوون.

لەم نێواندەدا، بارەگا و کەمپەکانی پەنابەرانی سیاسیی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی، لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە بوون؛ بەتایبەت ئەو کەمپانەی کە بنەماڵە، ژنان و منداڵانی ئەندامانی ئەم حیزبانەی تێدا نیشتەجێن. هەروەها ناوەندە خزمەتگوزاری و گشتییەکانی وەک نەخۆشخانەکان، کتێبخانەکان، قوتابخانەکان و ڕێکخراوە مەدەنییە چالاکەکان لەم کەمپانەدا کراونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان.