ئەندامێکی سوپای پاسداران لەسەقز، کوڕەکەی خۆی کوشت

16:35 - 24 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی سوپای پاسداران لە شاری سەقز، کوڕەکەی خۆی بەزەبری چەک کوشت و هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری سەقز، کەسێک بەناوی شێخ ئەنوەر و خەڵکی کارێزە و دانیشتووی گەڕەکی حەماڵاوای شاری سەقز، لە کاتێکدا کوڕەکەی داوای پارەی لێکردبوو، بە زەبری چەک کوشتوویەتی.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کوڕی شێخ ئەنوەر، کە ناوی کاوە و کەسێکی تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان بووە، لە کاتێکدا داوای پارەی لە باوکی کردووە، کێشە لە نێوانیاندا دروست بووەو باوکی بە چەکی کڵاشینکۆف لێی داوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت، هەتا ئێستا شێخ ئەنوەر، کە سێ رۆژ پێش ئێستا کوڕەکەی خۆی کوشتووە، بەهۆی ئەوەی ئەندامی چەکداری سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانە، دەستبەسەر نەکراوە.