ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران لە شاری نەغەدە کوژرا

16:25 - 4 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی خۆجێی سپای پاسداران خەڵکی ناوچەی پەسوێی شاری پیرانشار و دانیشتووی شاری نەغەدە کوژرا.

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی \"کوردستان میدیا\" زمانحاڵی ئەو حیزبە، بەرپرسایەتی کوشتنی ئەو ئەندامە خۆجێیەی سپای پاسداران بە ناوی \"حوسێن تەیموور‌بەیگ\" بە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند: \"بۆ ڕوونبوونەوەی بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین؛ کە لە درێژەی کار و چالاکیی و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری نەغەدە بەکرێگیراوێکی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی \"حوسێن تەیموور بەیگ\" خەڵکی پەسوێ سەر بە شاری پیرانشار، دانیشتووی شاری نەغەدە به سزای خیانەتەکانی خۆی گەیشت.

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە:\" ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیمی ئێران لە شەڕەکانی پێشوودا دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری کردووە و هەروەها فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش بە ناوی شەهید \"ڕەسووڵ حاجی عەوڵا\" بە دەستی ئەو جاشەی ڕێژیم تێرۆر کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی جۆزەردان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان لە شاری پیرانشار ڕوویدا و لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، \"ستوان دووهەم سەید محەممەد هاشمی\" کوژرا و کەسێکی دیکە بە ناوی \"کەسرا عەبدولعەلیزادە\" لەو شەڕدا، لاقی بریندار بووە کە دواتر فەرمانده‌یی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر به حدکا، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، باسی لە گیانی لە دەستدانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی بە ناوی \"سامان شیوەسەڵی\" خەڵکی شاری سەردەشت لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کرد.