ئەندامگیریی سپای پاسداران بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان

15:54 - 13 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای شاری نۆدشە، بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکان، داوای لە لاوانی خوێندوار کرد کە ببن بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سپای پاسدارانی شاری نۆدشە، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، داوای لە لاوانی خوێندوار کردووە کە بچنە ڕێزی ئەو ڕێکخراوەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای شاری نۆدشە، بە هۆی کەمیی هێزی مرۆیی، دەستی بە بڵاوکردەوەی وەها ڕاگەیەندراوێک کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: \"سپای پاسداران، دەیهەوێت بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، لە هاووڵاتییانی خۆجێیی شاری نۆدشە، کەڵک وەربگرێت\".

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو کە ئەم بەیاننامەیەی سپای پاسداران، لەگەڵ پێشوازینەکردنی لاوان و خوێندەوارانی ئەم شارەدا، بەرەوڕوو بووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، \"دوناڵد ترامپ\"، سەرکۆماری ئامریکا، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانی، خستە نێو لیستی ڕێکخراوە تێروریستییەکانەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشوازیی لەم کارەی ئامریکا کرد کە سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی، ناساند.