لەسێدارەدانی ئەشکان مالکی؛ نهێنی و بەپەلە، بنەماڵەکەی بەتەواوی لە دۆسییەکە و پارێزەری دیاریکراو بێئاگا بوون و تەنانەت ڕێگەیان پێنەدرا کفنەکەشی بکەنەوە
٣ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ لەسێدارەدانی نهێنی و بەپەلەی «ئەشکان مالکی» لەگەڵ «مێهرداد محەممەدینیا» لە ۱۱ی جۆزەردانی ۱۴۰۵دا، کە لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراوی بەفرانباری ۱۴۰۴ بوون، لە پرۆسەیەکدا ئەنجام درا کە لە کاتی دەسبەسەرکردنەوە تا جێبەجێکردنی حوکمەکە کەمتر لە پێنج مانگی خایاند و لە چوارچێوەی دادگاییکردنێکی بەتەواوی نادادپەروەرانەدا بوو؛ دادگاییکردنێک کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە دانپێدانانی زۆرەملێ، گێڕانەوەی فەرمیی حکوومەت، پارێزەری دیاریکراوی حکوومی و نهێنیکاریی تەواو لە هەموو قۆناغەکانی دۆسییەکەدا بەستبوو. گێڕانەوەی ئەم ڕاپۆرتە نیشان دەدات کە بنەماڵەکە نه لە پرۆسەی دۆسییەکە، نه لە ناسنامەی پارێزەری دیاریکراو، نه لە کاتی دادگا و نه تەنانەت لە کاتی جێبەجێکردنی حوکمەکەش ئاگادار نەبوون و دوای لەسێدارەدانیش لە مافی دوایین دیدار، شۆردن و کفنکردن و تەنانەت کردنەوەی کفنی ڕۆڵەکەیان بێبەش کران.
ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئاگادار ئامادە کراوە و هەوڵ دەدات ڕەهەندەکانی لەسێدارەدانی نادادپەروەرانە و نهێنیی حکوومەت لە دۆسییەی ئەشکان مالکیدا نیشان بدات؛ ئەوەی کە چۆن خۆپیشاندەرانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە پرۆسەیەکی بەپەلە، نهێنی و بەبێ بوونی کەمترین گەرەنتیی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مەحکووم بە سێدارە دەکرێن و حوکمەکانیان جێبەجێ دەکرێت. بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەم سەرچاوەیە، لە ئاشکراکردنی شوناسی خۆ دەبوێرین.
ئەشکان مالکی؛ کرێکارێکی سادەی کورد لە مەیدانی میوە و تەڕەباری تاران
سەرچاوە ئاگادارەکە لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، قسەکانی بەم شێوەیە دەست پێدەکات:
«ئەشکان بە چارەڕەشی گەورە بوو، لە ژیانیدا خۆشیی نەدی. ئهو هاوڵاتییەکی خەڵکی قوروە و کرێکارێکی سادە بوو لە مەیدانی میوە و تەڕەباری تاراندا کە بۆ کارکردن لە قوروەوە چووبووە تاران. تەمەنی ۳۷ ساڵ بوو، سەڵت بوو و باوکی دوو منداڵ بوو؛ کچێکی ۱۱ ساڵان و کوڕێکی ۴ ساڵان. خوێندەواریی زۆر کەمی هەبوو و تەنیا تا پۆلی سێی سەرەتایی خوێندبووی، و لە لێکۆڵینەوەکانیدا دژی خۆی بە تۆمەتی درۆ و وەرگرتنی ئیمزا لەژێر ئەشکەنجەدا کەڵکیان لەم کەمخوێندەوارییەی وەرگرتبوو».
بنەماڵەکەی هەموو رێگایەکیان تاقی کردەوە، بەڵام ڕێگە بە پارێزەری هەڵبژێردراو نەدرا و حکوومەت خۆی پارێزەرێکی حکوومیی دیاری کرد کە تەنانەت بنەماڵەکەش نەیاندەناسی؛
سەرچاوەی کُردپا دەڵێت:«بنەماڵەکەی هەموو هەوڵێکیان دا، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا پارێزەری هەڵبژێردراو بگرن. تەنانەت بنەماڵەکە لەگەڵ پارێزەرێکی هەڵبژێردراو گرێبەستیان بەست و پارەکەشیان پێدا تا بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە بکات، بەڵام دادگا ڕێگەی نەدا و پارێزەرەکە پارەکەی بۆ بنەماڵەکە گەڕاندەوە. بنەماڵەکەی هەموو رێگایەکیان تاقی کردەوە، بەڵام نەیانهێشت هیچ پارێزەرێکی هەڵبژێردراو بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە بکات و دادگا و حکوومەت خۆیان پارێزەرێکیان دیاری کرد. بنەماڵەکەش لە پرۆسەی دۆسییەکە و لەوەی کە چی ڕوو دەدات هیچ زانیارییەکیان نەبوو و تەنانەت نەیانزانی پارێزەرە دیاریکراوەکە کێیە و چی لە دۆسییەکەدا ڕوو دەدات.»
ئەشکان لە دادگادا دەستی لەسەر قورئان دانا کە تەنیا دوو ماتۆڕی سووتاندووە؛
تەنیا تۆمەتی ئەشکان، بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سووتاندنی دوو ماتۆڕ بووە. ئهو دەگێڕێتەوە: «ئەو شەوە ئەشکان و مێهرداد بۆ کڕینی جگەرە چوونە سەر شەقام. کاتێک چوونە دەرەوە خەڵکێکی زۆر لەوێ بوون و ئەوان بە هیچ شێوەیەک بۆ خۆپیشاندان نەچووبوون و تەنانەت دەمامکیشیان پێنەبوو، لە کاتێکدا زۆر کەس دەمامکیان پێبوو. لەم کاتەدا، ژنێکی باڵابەرز کە دەمامکی بەستبوو، کیسەیەکی پێدان تا فڕێی بدەن. ئەشکان کیسەکەی بەلای ماتۆڕەکاندا — نه مزگەوت — فڕێ دا و تەنیا دوو ماتۆڕ سووتان. بە هیچ شێوەیەک مزگەوت لەلایەن ئەوانەوە نەسووتێنرابوو و تەنانەت مێهرداد تەنیا شووشەی شکاندبوو.»
ئەو دەڵێت: «ئەشکان بە زەحمەت دەیتوانی پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات، بەڵام سوێندی دەخوارد کە لە دادگادا دەستی لەسەر قورئان داناوە و وتوویەتی تەنیا دوو ماتۆڕی ئاگر تێبەردابوو؛ شتێک کە لە ڤیدیۆی گێڕانەوەی حکوومەت لە دادگادا بە هیچ شێوەیەک نیشان نەدرا.»
دەرکردنی حوکمی سێدارە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگایەکی پێنج خولەکی، بەبێ ئامادەبوونی تەنانەت پارێزەری دیایکراو و لە ڕێکەوتێکی نهێنیدا؛
سەرچاوەی کُردپا دەڵێت:«بنەماڵەکەی ئاگایان لە دادگا و پرۆسەکەی نەبوو و لە دادگادا ئامادە نەبوون. بەڵام ئەشکان لە پەیوەندییە کورتەکانیدا وتبووی کە لە لێکۆڵینەوەکاندا پەڕەیەکیان پێدابوو تا ئیمزای بکات و بە هیچ شێوەیەک نەیزانیبوو لەسەری چی نووسراوە، چونکە خوێندەواریی زۆر کەمی هەبوو. لە کۆتاییدا قازی سەڵواتی حوکمی سێدارەی بۆ دەرکرد و بنەماڵەکەی تا ئەمڕۆش لە پرۆسەی دۆسییەکە هیچ نازانن و تەنانەت نازانن پارێزەرە دیاریکراوەکە کێ بووە.»
٢ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ و تەنیا ۴۴ ڕۆژ دوای دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «مێیهرداد محەممەدینیا»، «ئەشکان مالکی» و «ئارمان مەعریفەتی»، هەواڵدەریی میزان، میدیای دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەواڵ، وێنە و ڤیدیۆیەکی ۱ خولەک و ۴۸ چرکەیی لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای ئەم سێ زیندانییە سیاسییە لە لقی ۱۵ی دادگای ئینقلابی تاران بڵاو کردەوە.
ئەم دانیشتنە لەژێر ناوی «دۆسییەی تۆمەتبارانی ئاگربەردان و تێکدانی مزگەوتی جەعفەری و حەوزەی عێلمیەی ئیمام هادیی کوی نەسر» ناسێندرا.
ئەمە یەکەم جار بوو کە هەواڵی دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە بە میدیایی دەکرا. لەو کۆمەڵە وێنەیەدا، هەر سێ زیندانیی سیاسی بە جلی زیندانەوە لە دادگادا دەبینرێن. هەواڵدەریی میزان بانگەشەی کرد کە دادگا بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار، پارێزەران، نوێنەری داواکاری گشتی و هەندێک کەسی پەیوەندیدار بە دۆسییەکەوە بەڕێوە چووە.
لە وێنە بڵاوکراوەکانی ئەم دادگایەدا، تەنیا کەسانێک بە جلی ڕەشی فۆڕم و دەموچاوی لێڵکراوەوە لە پشت و دەوروبەری زیندانییەکاندا دەبینرێن، لەگەڵ نوێنەری داواکاری گشتی و پێدەچێت خزمەتگوزاری مزگەوتەکەش بێت. بەڵام هیچ شوێنەوارێک لە پارێزەران، بنەماڵەکان، یان کەسانی سەربەخۆ نابینرێت و تەنانەت دەموچاوی دادوەریش نیشان نەدراوە.
بەشێکی زۆری هەواڵەکە بۆ لێدوانەکانی نوێنەری داواکاری گشتی، مزگەوتی جەعفەری و مێژووی مزگەوتەکە و تۆمەتەکان تەرخان کراوە و دەربارەی بەرگرییەکانی زیندانییەکان و پارێزەران ڕوونکردنەوە نەدراوە و گێڕانەوەکەی زۆر لێڵ و تەمومژاوییە.
لە ڤیدیۆ ۱ خولەک و ۴۸ چرکەییەکەدا نزیکەی ۲۵ چرکەی بۆ وتەکانی نوێنەری داواکاری گشتی (بە دەموچاوی لێڵکراوەوە) تەرخان کراوە و ۲۵ چرکەی تر بۆ کەسێکی تر کە پێدەچێت خزمەتگوازی مزگەوتەکە بێت و ئەویش بە دەموچاوی لێڵکراوەوە، کە دەربارەی چوونی کەسانێک بەبێ هێنانی ناو بۆ ناو مزگەوتەکە ڕوونکردنەوە دەدات.
لە هەمان هەواڵدا، ئەشکان وەک تۆمەتباری ڕیزی یەکەم ناسێندراوە و نزیکەی ۴۰ چرکە لە قسەکانی بڵاو دەکرێتەوە کە هەمان گێڕانەوەی سەرچاوەی کوردپایە سەبارەت بە ئاگرتێبەردانی دوو ماتۆڕ؛ لە کاتێکدا لە هەواڵە بڵاوکراوەکانی دەسەڵاتی دادوەریدا، حوکمی سێدارەی ئەوان بە تۆمەتی «ئاگرتێبەردانی مزگەوتی جەعفەری» بووە.
لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی مێهرداد و ئەشکان؛
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادوەری، ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا کە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ۱۹ی بەفرانباری تاراندا دەسبەسەر کرابوون، ڕۆژی ۱۱ی جۆزەردانی ۱۴۰۵ لە سێدارە دران.
لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکاندا، ئاماژە بە شوێنی جێبەجێکردنی حوکمەکە نەکراوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیان ڕاگەیاندووە کە حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.
لەسێدارەدانی مێهرداد محەممەدینیا و ئەشکان مالکی، دوو هاوڵاتیی کورد، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکانیان ئەنجام درا و ئەوان لە دوایین دیداریش لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کران.
سەرچاوەی کوردپا دەربارەی لەسێدارەدانی نهێنی و بێبەشکردنی بنەماڵەکە لە تەنانەت کردنەوەی کفنی ئەشکان دەڵێت:
«ئەشکان بەبێ ئاگاداریی پێشوەختە و بەبێ مافی دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، بە شێوەیەکی نهێنی لە سێدارە درا. بنەماڵەکەی بە هیچ شێوەیەک ئاگادار نەبوون کە بڕیارە لە سێدارە بدرێت. بەبێ ئەوەی شتێک بڵێن یان مۆڵەتی دیداری بدەن بە بنەماڵەکەی، لەگەڵ بانگی بەیانیدا لە سێدارەیان دا. بەر لە لەسێدارەدان، بەرپرسانی زیندانی قزڵحەسار داوای دوو میلیۆن تمەنیان لە ئەشکان کردبوو. ئەشکان پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کرد و وتی دوو میلیۆن تومان بخەنە سەر ئەژمارەکەی، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارەیەیان بۆ کفنەکەی ویستبوو. خۆیان شۆردن و کفنکردنی ئەشکانیان ئەنجام دا و ڕێگەیان نەدا بنەماڵەکەی بیشۆن و کفنی بکەن و تەنانەت ڕێگەیان نەدا بیبینن یان کفنەکەی بکەنەوە.»
بە وتەی سەرچاوەی کوردپا؛ لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیشدا هێزە ئەمنییەکان و لیباس شەخسییەکان ئامادە بوون، بەڵام ڕێوڕەسمی بەخاکسپاریی ئەشکان لە زێدی خۆی، قوروە، بە ئامادەبوونی بنەماڵە، کەسوکار و ناسیاوانی بەڕێوە چوو.
دۆسییەی هاوکاتی مێهرداد محەممەدینیا؛ گەندەڵی ماڵیی پارێزەری دیاریکراو و سێدارە لەسەر بنەمای تۆمەتی هەڵبەستراو؛
لەسێدارەدانی نهێنیی ئەشکان مالکی لە کاتێکدا ڕووی دا کە هاودۆسییەکەی، «مێهرداد محەممەدینیا» (۲۷ ساڵان، کرێکاری سادەی خەڵکی قوروە)، بە هەمان شێوە لەم سێناریۆ بەپەلەیەدا و لە کەمتر لە ۵ مانگدا لە سێدارە درا.
پشکنینی ڕەهەندەکانی دۆسییەی مێهرداد محەممەدینیا نیشان دەدات کە چۆن دەزگای دادوەری و ئەمنی بە سڕینەوەی بەڵگەکانی بێتاوانی، ڕێگەیان بۆ دەرکردنی حوکمی مەرگ خۆش کردووە.
ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان بە بەڵگەی ماددی و ڤیدیۆیی؛ لەسەر بنەمای بەڵگەکانی لایەنی داواکاریی پێداچوونەوە (فرجامخواهی)، مێهرداد بە کاریگەری وەرگرتن لە دۆخی دەوروبەر تەنیا دانی بە شکاندنی چەند شووشەیەکدا نابوو.
وێنەی کامێراکانی چاودێریی شوێنی کارەکەی دەیسەلماند کە ئەو لە کاتی ئاگرتێبەردانی حەوزەی عێلمیەدا بە هیچ شێوەیەک لەو شوێنەدا ئامادە نەبووە (بەهۆی جیاوازیی ڕەنگی جلوبەرگەکەی لەگەڵ ئەنجامدەران) و شایەتیی خزمەتگوزاری حەوزەکەش ئەم بابەتەی پشتڕاست دەکردەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، دادگای ئینقلاب لە قۆناغی دەرکردنی بڕیاردا، بەبێ ڕوونکردنەوەی تۆمەت لە دادسەرادا، تۆمەتی قورسی «ئاگرتێبەردانی حەوزەی عێلمیە» و «سیخوڕی بۆ دەوڵەتە دوژمنەکان»ی بەبێ هیچ بەڵگەیەک خستە سەر دۆسییەکەی.
بڕینەوە و وەرگرتنی ۲.۶ میلیارد لەلایەن پارێزەری دیاریکراوی-حکوومییەوە: دوای ڕێگری لە هاتنەناوەوەی پارێزەرانی هەڵبژێردراو و لادانی یەکەم پارێزەری دیاریکراوی دۆسییەکە، پارێزەرێک بە ناوی «یوونس کەریمی» وەک پارێزەری دیاریکراو جێگیر کرا.
ئەم پارێزەرە دیاریکراوە بە خراپ بەکارهێنانی دۆخی قەیراناویی بنەماڵەی هەژار و گوندنشینی مێهرداد، بە شێوەیەکی نهێنی و لە دەرەوەی سیستەمی سەنا، بڕی ۲ میلیارد و ۶۰۰ میلیۆن تومان (لەگەڵ زێڕ و دیاری) لەوان وەرگرت؛ لە کاتێکدا لە ڕووی یاساییەوە مافی وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەکی نەبوو و تەنانەت یەک جاریش بۆ دیداری بریگرتەکەی نەچووە زیندان.
دوو دۆسییەی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی بەفرانبار لە ماشینی سێدارەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا؛
دۆسییەکانی ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدینیا دوو هێما لە پێکهاتەیەکی یەکگرتوون؛ پرۆسەیەک کە تێیدا دوو کڕێکاری کەمخوێندەوار و بێدەسەڵات، بە سەندنی مافی بوونی پارێزەری هەڵبژێردراو، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەدا، دادگای پێنج خولەکی و گەندەڵیی پێکهاتەیی لە نێوان پارێزەرە دیاریکراوەکاندا، بوونە قوربانیی سێناریۆسازیی ئەمنی.
جێبەجێکردنی هاوكات و نهێنیی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم دوو هاوڵاتییە کوردە لە ۱۱ی جۆزەردانی ۱۴۰۵دا لە زیندانی قزڵحەسار — بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکان و بێبەشکردن لە دوایین دیدار — نیشان دەدات کە ئامانجی سەرەکی، بپەلە لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی مرگ بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە و پاککردنەوەی شوێنەوارەکانی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بووە.
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە