وردەکارییەکانی کوژرانی وێنەگرێکی ناسراو و بنەماڵەکەی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان: مێهدی تەوەکولی، مریەم ئەسڵانی و سومەیە تەوەکولی

22:52 - 5 گەلاوێژ 2726

٥ی گەلاوێژی ۱۴۰۵؛ شەوی ڕابردوو سێ ئەندامی بنەماڵەیەک، لەوانە «مێهدی تەوەکولی» وێنەگری ناسراوی خەڵکی سنە، لەگەڵ «مریەم ئەسڵانی»ی دایکی و «سومەیە تەوەکولی»ی خوشکی، لە ئاکامی تەقەی هێزە ئەمنییەکاندا لە جاددەیەکدا کوژران. تەرمەکانیان لەژێر ناوی «ڕووداوی هاتوچۆ» ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرایەوە و هاوکات بنەماڵەکەشیان بۆ بێدەنگبوون و بڵاونەکردنەوەی زانیاری کەوتنە بەر هەڕەشە. میدیا حکوومەتییەکانیش تا ئێستا سەبارەت بەم ڕووداوە بێدەنگییان هەڵبژاردووە. مێهدی تەوەکولی پێشتر وەک زیندانییەکی سیاسی، پێشینەی بانگکران، دەسبەسەرکران و سزادانی هەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە بە «کوردپا»ی ڕاگەیاند؛ شەوی یەکشەممە ٤ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، ماشینی سەمەندی سپیی «مێهدی تەوەکولی» کە «مەریەم ئەسڵانی»ی دایکی و «سومەیە تەوەکولی»ی خوشکیشی لەگەڵدا بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپاوە درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و هەر سێ ئەندامی ئەم بنەماڵەیە کوژران.

دوای کوژرانیان، هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپا، تەرمەکانیان بە دوو ماشینی شەخسیی پژۆ ـ بە شێوەیەک کە تەرمی مێهدی و دایکی لە دواوەی ماشینەکەدا و تەرمی سومەیە تەوەکولی لە دواوەی ماشینەکەی دیکەدا بوو ـ بۆ نەخۆشخانەی «سەڵاحەدینی ئەیووبی»ی بانه گواستەوە.

بۆ کوردپا هێشتا ڕوون نییە کە ئەم ڕووداوە لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە یان مەریوان بۆ بانه ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی پشتڕاست کراوەتەوە ئەوەیە کە ڕووداوەکە لە یەکێک لە ڕێگاکانی مەریواندا ڕووی داوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تا ئەو کاتەی تەرمی ئەم سێ کەسە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانه بووە، بێ تۆمارکردنی شوناس، بێ پێکهێنانی دۆسییە و بێ تۆمارکردنی ناوەکانیان لە نەخۆشخانە، بە شێوەیەکی نهێنی خراونەتە بەر پشکنینی پزیشکی و ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدراوە لە تەرمەکان نزیک ببێتەوە.

پاشان هێزە ئەمنییەکانی سپا تەرمەکانیان لە نەخۆشخانە بردووەتە دەرەوە و ڕایانگەیاندووە کە لە گۆڕستانی «سڵێمان بەگ»ی بانه بە خاکیان دەسپێرن.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت هۆکاری گواستنەوەی تەرمەکان بۆ نەخۆشخانەی بانه ئەوە بووە کە مێهدی تەوەکولی لە سنە و مەریوان کەسایەتییەکی ناسراو بووە و هێزە ئەمنییەکان ویستوویانە بە گواستنەوەی تەرمەکان بۆ بانه، ڕێگری لە ناسینەوەیان و ئاگاداربوونی خەڵک لەم ڕووداوە بکەن.

سەرلەبەیانیی دووشەممە ٥ی گەلاوێژی ۱۴۰۵ بە خێزانەکەیان ڕاگەیەندرا کە ئەم سێ کەسە لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت هاوکات و لە دوای بەدواداچوونی خێزانەکە، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هەڕەشەیان لێ کردوون و گوشاریان خستوونەتە سەر کە بێدەنگ بن، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە نەکەن و لە بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بەم ڕووداوە خۆیان ببوێرن.

تا ئێستا بۆ کوردپا ڕوون نەبووەتەوە کە ئەم ڕووداوە ڕێک چۆن ڕووی داوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە سەرجەم گوللـەکان لە پێشەوە تەقێنراون و هەر سێ کەسەکە لە بەشی پێشەوە کراونەتە ئامانج.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، مێهدی تەوەکولی ۳ گوللـە، مەریەم ئەسڵانی ۲ گولـلە و سومەیە تەوەکولی چەندین گولـلەی بەرکەوتووە و جەستە و دەموچاوی بەشێوەیەکی بەرچاو زیانی بەرکەوتبوو.

تەرمی مێهدی تەوەکولی، مەریەم ئەسڵانی و سومەیە تەوەکولی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، دووشەممە ٥ی گەلاوێژ، لە گۆڕستانی «بەهەشتی محەممەدی»ی سنە بە خاک سپێردرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، میدیا حکوومەتییەکان سەبارەت بە کوژرانی ئەم وێنەگرە ناسراوە و بنەماڵەکەی بێدەنگیان ڕاگرتووە و هیچ هەواڵێکیان لەمباریەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

مێهدی تەوەکولی؛

مێهدی تەوەکولی، وێنەگر، مامۆستای وێنەگری و چالاکی فەرهەنگیی کورد، لەدایکبووی ساڵی ۱۳۶۸ لە سنە بوو.

ئەو لە ساڵی ۱۳۸۲ەوە دەستی بە چالاکیی پیشەییی خۆی کرد و لە بواره‌كانی وێنەگریی بەڵگەنامەیی (مستند)، هونەری و پەروەردەی وێنەگریدا ڕۆڵێکی کاریگەری لە گەشەپێدانی فەرهەنگی وێنەگری لە کوردستاندا گێڕا.

ئەو وێڕای وتنەوەی وانە لە زانکۆ و ئەنجومەنی سینەماکارانی لاوی کوردستان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ماڵی وێنەگرانی سنە، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی هونەریی «چاو» و سکرتێری هونەریی چەندین فێستیڤاڵ و پێشانگای وێنەگری بوو و لە کەسایەتییە ناسراوەکانی وێنەگریی هاوچەرخی کوردستان ئەژمار دەکرا.

ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پێشانگای وێنەی سەبارەت بە ئاوارەکانی شەنگال و کۆبانێ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بردبوو و بە ڕێکخستنی پێشبڕکێی وێنەگری و پێشانگەگەلێکی وەک پێشانگەی بەکۆمەڵی وێنەی هەنار، پێشانگەی بەکۆمەڵی وێنەی شەوی چلە، سێیەمین فێستیڤاڵی وێنەی سنە و ڕووداوە پەیوەندیدارەکانی دیکە بە پڕسە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان، ببووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی وێنەگریی هاوچەرخی کوردستان.

مێهدی تەوەکولی پێشینەی چەندین جار بانگکران، دەسبەسەرکران و سزادانی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە هەبووە؛

کوردپا پێشتر بلاوی کردبووەوە کە مێهدی تەوەکولی لە ۲۵ی ڕێبەندانی ۱۴۰۱دا بێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەروەها لە گوڵانی ۱۳۹۹دا بانگهێشتی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و سەبارەت بە چالاکییەکانی لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.

مێهدی تەوەکولی هەروەها لە ۲۱ی ڕەزبەری ۱۳۹۵دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دوای ۳۵ ڕۆژ لێکۆڵینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

ناوبراو دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا و لە پووشپەڕی ۱۳۹۶دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی «کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ۲ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا کە ساڵێکیان داسەپاو بوو.

ئەو دوای تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی، لە خەزەڵوەری ۱۳۹۸دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.