ئەندامانی کوردی شۆرای شاری ورمێ، کۆبوونەوەی ئەو شۆرایەیان بەجێهێشت

15:07 - 16 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: لە کۆبوونەوەی ئەندامانی شۆرای شاری ورمێ، ئەندامانی کوردی ئەو شۆرایە بە هۆی پراوێزخستنیانەوە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئەو کۆبوونەوەیەیان بەجێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بانەمەڕ، لە کۆبوونەوەی ئەندامانی شۆرای شاری ورمێ، ئەندامە کوردەکانی ئەو شۆرایە بە هۆی پراوێز خرانیانەوە، کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت.

ئەم هەوڵەی ئەندامانی کوردی شۆرای شاری ورمێ لەوە سەرچاوەی گرتووە کە، شارەوانی ئەو شارە لە فێستیڤاڵی ناتورکەکان لەو شارەدا، کوردەکانی پەراوێزخستووە.

لە بەیاننامەی ئەندامانی کوردی شۆرای شاری ورمێدا هاتووە: لە تەواو ئەو فێستیڤاڵانە، لەوانە: فێستیڤاڵی \"ترێ\" ، \"گوڵەکان\" و فێستیڤاڵەکانی دیکە، کە لە لایەن شارەوانییەوە بەرێوەچووە، شاری ورمێ وەک شارێکی تورک‌زمان ناسێندراوە و کوردەکان پەراوێزخراون.

\"عادڵ فەتاحی\"، جێگری شۆرا، \"عەبدوڵڕەحمان نەقشین\"، بەرپرسی کۆمیسیونی چاوەدێری و بەدواداچوون، \"محەممەد خالید حاتەمی\"، بەرپرسی کۆمیسیونی بەرنامەڕێژی و گەشتیاری، \"مەسعوود پاکی\"، بەرپرسی کۆمیسیونی ئاوەدانکردنەوە و بەرنامەڕێژی شار، لە ئەندامانی کوردی شۆرای شاری ورمێن.

لە ئەگەری بەشداری نەکردنی ئەو چوار ئەندامەی شۆرای شاری ورمێ، ئەو شۆرایە، ڕەسمییەتی نییە.