ئەندامانی شۆرای ئوستانی کرماشان: بەرپرسی شۆرا رەوایی نیە

13:44 - 12 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: دوای تێپەڕینی نزیک بە چوار مانگ لەهەڵبژاردنی شۆراکان، ئوستانی کرماشان و چەندین شاری دیکەی کوردستان بەدەستی ناهاوئاهەنگی شۆراکانەوە دەناڵێنن و ئەندامانی شۆرای ئوستانی کرماشانیش رایانگەیاندووە، بەرپرسی شۆرای ئوستان رەوایی نیە.

دوای تێپەڕینی چوار مانگ لەهەڵبژاردنەکان کەسێک وەکوو بەرپرسی هەیئەت رەئیسەی شۆرای ئیسلامیی ئوستانی کرماشان دانراوە و لەو بارەیەوە هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردبۆوە، دانانی ئەو هاووڵاتییە وەکوو بەرپرسی شۆرای ئیسلامیی ئوستانی کرماشان بە \"قرعەکشی(تیر و پشک)\" بووە.

لەحاڵی حازردا ئەندامانی شۆرای ئوستانی کرماشان ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و لەو باوەڕەدابوون، پێویست بوو بەرپرسی شۆرای ئوستانی کرماشان لەرێگای هەڵبژاردن و دەنگ دانەوە دیاری بکرێت.

ئەندامانی شۆرای ئوستانی کرماشان ئەوەشیان خستۆتەڕوو، جەلەسەی دیاری‌کردنی بەرپرسی شۆرا دەبوایە بە حوزووری ئوستاندار یان نوێنەری ئوستانداری کرماشان بەڕێوە چووبا، ئەمە لەحاڵێکدایە کە هیچ کام لەوان بەشدار نەبوون.

وتەبێژی شۆرای ئیسلامیی شارستانی قەسری شیرین کە هاوکات یەکێک لەئەندامانی شۆرای ئوستانی کرماشانیشە وتوویەتی: \" دانانی بەرپرسی شۆرای ئوستانی کرماشان لەرێگای \"قرعەکشی\"‌یەوە بووە و لای ئێمە رەوایی نیە.

لەلایەکی دیکەوە پێشتریش ئەندامانی شۆرای شاری بۆکان دوو کەسیان وەکوو بەرپرسی شارەوانیی ئەو شارە بە ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناساندبوو، بەڵام هەر دوو کەسەکە دواتر وازیان لەکارەکەیان هێنا.

\"سەلمان مام عەزیزی\" یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان و ئیبراهیم کەریمی شارەداری پێشووی شاری مەهاباد وەکوو بەرپرسی شارەوانی دیاری کران و دوای چەند رۆژ دەستیان لەکار کێشایەوە.

رێکەوتی ١٤ی سەرماوەزیش رێوڕەسمی دیاری کردنی ئەندامانی هەیئەت رەئیسەی ئەنجومەنی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ورمێ‌بەڕێوەچوو، کە نوێنەری شارەکانی بۆکان و مەهاباد نەیانتوانی لەو ئەنجومەنەدا، بەشدار بوون.