مەریوان؛ سیروان خۆشنەمەک، کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژرا

17:54 - 16 پووشپەڕ 2726

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٥، "سیروان خۆشنەمەک"، کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵی خەڵکی مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە بەرزاییە سنوورییەکانی "وەیسە" سەر بە شاری مەریوان، کرایە ئامانجی فیشەکی جەنگیی هێزە نیزامییەکان و گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە "کوردپا"ی ڕاگەیاند؛ ئەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵە لەلایەن پایگای سنووریی "داڵانی" بە فەرماندەیی ئەفسەرێک بە ناوی "زەنگەنە" بە فیشەکی جەنگی کراوەتە ئامانج.

سیروان خۆشنەمەک، کوڕی ساڵح، لاوی تەمەن ١٨ ساڵ، تاقەکوڕی بنەماڵەکەی بووە و دوو خوشکی هەن و خەڵکی گوندی "دووماڵ"ی سەر بە مەریوان لە پارێزگای سنە بوو.

ئەو دووهەمین کۆڵبەرە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کوژراوە.

پێشتریش ، "وەزیر ڕەحیمی"، کۆڵبەری تەمەن ٥٧ ساڵ، بەرەبەیانیی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ لە سنووری "شۆشمێ" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.