ئەندامانی شۆرای شاری روانسەر لەسەر كار لابران

13:05 - 25 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: 6 كەس لە ئەندامانی شۆرای شاری روانسەر بەهۆی ئیختلاسی یەك میلیارد تمەن لەسەر كار لابران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، فەرمانداری شاری روانسەر بە ئەندامانی شۆرای شاری روانسەرری راگەیاندووە كە لەمەوبەدوا بۆیان نیە بچنەوە سەر كارەكانیان.

شەش ئەندامی شۆرای شاری روانسەر ماوەیەك لەمەوبەر بە تاوانی دانی چەند پارچە زەوی بە بڕی یەك میلیارد تمەن، بە خزم و كەسە نزیكەكانی خۆیان دەستبەسەر كران و دواتریش بە دانانی وەسیقە ئازاد كران.

هەتا خولی دیكەی هەڵبژاردنی شۆرای شارەكان، فەرمانداری و شارەوانیی شاری روانسەر بە شێوەی هاوبەش ئەركەكانی شۆرا لەسەر كار لابراوەكان رادەپەڕێنن.

ئەو شەش ئەندامەی شۆرای شاری روانسەر ئەو پارچە زەویانەیان بە 15 كەس لە نزیكەكانی خۆیان دابوو.