ئەندامانی شۆرای سنە، پێداگری لەسەر ئاشکرا کردنی گەندەڵییەکی ملیاردی دەکەن+وتویژ

15:25 - 8 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کوردی شاری سنە، ٢٥ پرسیاریان سەبارەت بە بیاڤی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە (عمرانی)، ئاراستەی شۆرا و شارەوانیی ئەو شارە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دانیشتنی رۆژی رابردووی شۆرای شاری سنە لەگەڵ شارەوانیی ، بۆ یەکەمینجار چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی و کۆمەڵایەتی بەشدار بوون و گوێبیستی وڵامی پرسیارەکانیان بوون، بەڵام لە بیاڤی فەرهەنگیدا شارەوانیی شاری سنە وڵامێکی ناڕوونی بە شۆرا و بەشداران داوەتەوە.

ئیجلال قەوامی، رۆژنامەنووسی کورد لە شاری سنە، لە لێدوانێکدا بە کوردپای راگەیاند؛ \"لە کاتێکدا ٥ ملیارد تمەن بودجە بۆ بیاڤی فەرهەنگی شاری سنە تەرخان کراوە، هیچ شتێکی بەرهەست (ملموس) لەم شارەدا لە بیاڤی فەرهەنگیدا بەدی ناکرێت، ئەوەش لە حاڵێکدایە، کە بڕیاربوو چەندین پرۆژەی فەرهەنگیی وەکوو دروست کردنی فەرهەنگسەرا لە شاری سنە دەست پێ بکرێت\".

قەوامی گوتیشی؛ شارەوانیی سنە ئیدیعای ئەوە دەکات کە ٣ ملیارد تمەنی لەو بودجەیەی سەرف کردووە، کە شارەوانیی سنە سەرف کردنی ئەو بودجەیەی بۆ جێژنی مەولوود لە ١٥ مزگەوتی شاری سنە، هێنانە سەرشەقامی دەروێشەکان و خوێندنەوەی قورئان(رو خوانی قرآن) لە مزگەوتەکان، گەڕاندۆتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە ئەوەشی خستەڕوو، ئەندامانی شۆرا ئەو کارانەی شارەوانیی سنەیان بە شتێکی رۆتین و دووپاتە لە قەڵم داوە، گوتوویانە کە بەشێک لەو کارانەی کە شارەوانی وەکوو چالاکی ناوی لێ بردوون، خەڵک بۆخۆیان بەرێوەی دەبەن\".

بەگوتەی ئیجلال قەوامی، ئەو دانیشتنە هەتا کاتژمێر ١٠ی شەوی رابردوو درێژەی کێشاوەو وڵامی شارەوانی نەیتوانیوە ئەندامانی شۆرا رازی بکات و شارەوانی دەبێ لە بەرامبەر پرسیاری شۆرا و چالاکانی فەرهەنگیدا وڵامدەر بێت\".

\"24437.jpg\"
ئیجلال قەوامی: ئەندامانی شۆرای شاری سنە، پێداگرن لەسەر ئەوەیکە ئەو گەندەڵییە روون ببیتەوە بۆ خەڵک هاوکات رۆژنامەنووسانیش وەکوو نوێنەری خەڵک لەو دانیشتنەدا بەشدار بن
دوگوترێ، شارەوانیی شاری سنە بەر لە دەستبەکاربوونی لە شارەوانیدا، رایگەیاندبوو؛ کە ٥٠٠ کەس زیادی لەو ناوەندەدا هەن، بەڵام بە گوتەی ئیجلال قەوامی لە کاتی دەستبەکاربوونی شارەوانیی نوێوە، ٢٠٠ کەسی دیکەی بەو ژمارەیە زیاد کردووە.

بە گوتەی ئیجلال قەوامی، لەو دانیشتنەی رۆژی رابردوودا، یەکێک لە ئەندامانی شۆرا هەڕەشەی لە هەواڵنێران و رۆژنامەنووسان کرد کە ئەگەر پرسیار بکەن، لەو دانیشتنە دەکرێنە دەرەوەو بەو هۆیەوە دەمەقاڵە لە نێوان سەرنووسەری حەفتەنامەی ئاگرینی رۆژ هاتە ئاراوە، کە رۆژنامەنووسانی بەشدار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو هەڵوێستە، لە دانیشتنەکە هاتنە دەرەوەو سەرئەنجام لەسەر داوای ئەندامانی شۆرا گەڕانەوە نێو کۆبوونەەوەکە.

ئیجلال قەوامی ئەوەشی خستەروو،\"پاش یەک کاتژمێر لە دەستپێکی ئەو دانیشتنە، لەسەر داوای جەلال شەریعەتی بەرپرسی شۆرای شاری سنە لەو کۆبونوەوەیە هاتمە دەرەوە، کە بەرپرسی شۆرا هۆکارەکەی بۆ فشاری یەکێک لە ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەڕ بەشداریی من لەو کۆبوونەوەیەدا گەڕاندەوە\".

هەتا ئێستا روون نییە کە هۆکاری دەرکرانی ئیجلال قەوامی لەو کۆبوونەیەدا بۆچی دەگەریتەوە، بەڵام لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، ئوستانداریی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، لەلایەن ئیجلال قەوامی‌یەوە سەبارەت بە وتوێژی دەوڵەت لەگەڵ حیزبە کوردییەکان پرسیاری لێکرابوو.

قەوامی دەڵێت: ئەندامانی شۆرای شاری سنە، پێداگرن لەسەر ئەوەیکە ئەو گەندەڵییە روون ببیتەوە بۆ خەڵک هاوکات رۆژنامەنووسانیش وەکوو نوێنەری خەڵک لەو دانیشتنەدا بەشدار بن.

لە رێکەوتی ٤ی رێبەندانی ئەمساڵدا، بەرپرسی ئیدارەی وەرزش و لاوانی شاری سنە، بە بڕیاری دەزگای قەزایی و بە تۆمەتی \" گەندەڵی و سەرپێچی کردن\" دەستبەسەر کرا و پێشتریش ٥ کەس لە جێگران و ئەندامانی شۆرای ئیسلامیی شاری سنە بە تۆمەتی گەندەڵیی میلیارد تمەنی دەستبەسەر کرابوون.