ئەندامانی شووڕای شاری محەممەدیار دەستیان لە کار کێشایەوە

14:59 - 4 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەواوی ئەندامانی شووڕای شاری محەممەدیار لە بەخشی ناوەندیی شاری نەغدە سەر بە پارێزگای ورمێ دەستیان لە کارەکەیان کێشاویەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی بانەمەڕ، ئەندامانی شووڕای شاری محەمەدیار بە هۆی کەم کاریی بەرپرسانی حکوومەتی لە پێڕانەگەیشتنیان بە کێشەی هەستانی لافاو لەو شارە دەستیان لە کار کێشایەوە.

لە نامەی دەست لە کارکێشانەوەی ئەندامانی شووڕای شاری محەممەدیاردا هاتووە، بەدوایی هەستانی لافاو لە شاری محەممەدیار و کێشەی خەڵکی ئەو شارە بە هۆی کەم کاریی بەرپرسانی حکوومەتی و ناڕەزایەتی دەبڕینی خەڵکی لە بەرپرسانی حکوومەتی بووە.

لە درێژەی ئەو نامەیەدا هاتووە کە؛ لە کاتی هاتنی دوکتور پزشکیان بۆ ئەو شارە، خەڵکی شاری محەممەدیار لە کەم کاریی بەرپرسانی حکوومەتی لەو ناوچەیە بە توندی ڕەخنەیان گرتبوو.

لە لایەکی دیکە یەکێک لە ئەندامانی شووڕای شاری محەممەدیار لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی \"سۆڵدوز\" ڕاگەیاند: بەشێک لە بەربژێرەکانی شووڕای شار بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە کەش و هەوای هەڵبژاردن، ئیزنیان نەدا، قەیرانی هەستانی لافاوی محەممەدیار بە ئارامی چارەسەر بێت.

ئەو ئەندامەی شووڕای شاری محەممەدیار، دەست لە کار کێشانەوەی هەر پێنج ئەندامانی شووڕای شاری بۆ بێڕیزی کردن ژمارەیەک لە بەربژێرەکان گەڕاندەوە.

محەممەد فەتاحی لە وڵامی پرسیاری ئەگەر لە گەڵ دەست لە کار کێشانەوەی ئێوە ڕەزامەندی نیشان نەدار، ئێوە چی دەکەن، ناوبراو دەڵێت: ئێمە نامەکەمان ناردوو بۆ فەرماندار ئەوەیکە ئەوە ڕەزامەند بێت یان نە، بۆ خۆی سەرپشکە، بەڵام ئێمە وزەی کارکردنمان نیە.

خەسارەتی بەرکەوتوو لە شاری نەغەدە بە هۆی شەپۆڵی باران بارین و هەستانی لافاو لەم حەتووی ڕابردوودا، ٤ میلیارد و ٧٧٠ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار ڕیاڵ تمەن مەزەندە کراوە.

هەڵبژاردنی شووڕاکانی شار و دێ هیچ دەسەڵاتێکیان نیە و هەموو کارەکانیان لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بۆ دیاری دەکرێت.