ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکان کۆڕێک بۆ یادی سوارە ئیلخانی‌زادە رێک دەخات

17:31 - 17 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکان لە ساڵیادی کۆچی دوایی \"سوارە ئیلخانی‌زادە\" شاعیری نوێخوازی کورد، کۆڕیادێک لە ژێر ناوی \"شێعری ئەوڕۆی رۆژهەڵات\" رێک دەخات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری بۆکان بە هاوکاریی ئیدارەی فەرهەنگی ئەو شارە لە رۆژی پێنج شەممە ٢٨ی خەرمانانی ئەمساڵدا ئێوارە شێعرێک بۆ یادی سوارە ئیلخانی‌زادە بەڕێوە دەبات.

\"ئەنوەر عەرەب\" یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو کۆڕیادە لە پەیوەنییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، لەو کۆڕیادەدا بەهۆی کەمیی کات، تەنیا داوامان لە شاعیرانی شاری بۆکان کردووە کە بەرهەمەکانیان رەوانەی بەڕیوەبەرایەتیی کۆڕیادەکە بکەن.

ئەو چالاکە ئەدەبییە رایشگەیاند، شاعیرانی ئۆگری بەشداری کردن لەو کۆڕیادەدا دەتوانن بەرهەمەکانیان لە قاڵبی \"شێعری نوێ و کلاسیک، و تار و بابەتی شیکاری لەسەر شێعرەکانی سوارە ئیلخانی‌زادە بۆ کۆڕیادەکە بەڕی بکەن.

نابراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئۆگرانی بەشداری کردن دەتوانن هەتا رێکەوتی ٢٥ی خەرمانان بەرهەمەکانیان بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی لێژنەی تایبەتیی کۆڕیادەکە بۆ ئیمەیلی \"[email protected]\" بنێــرن.

سوارە ئیلخانی زادە شاعیری بەناوبانگی کورد ساڵی ١٣١٦ لە گوندی \"تورجان\"ی سەربە شاری سەقز لە دایک بووە، ناوبراو بە مەبەستی خوێندن رووی لە شاری تاران کردووە و ساڵی ١٣٤٧ هەرلەوێ خوێندنی تەواو کردووە.

ئەو شاعیرە نوێخوازە کە بە بناغە دانەری شێعری نوێی کوردی لە کوردستانی ئێــران دادەنرێت، ساڵی ١٣٥٤ لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەست دا.

\"خەوە بەردینە\" بە ناوبانگترین بەرهەم و شێعری پیرە هەڵۆ بە ناودارترین شێعری ئەو شاعیرە کوردە دادەنرێت کە هەتا ئێستا چەندین کۆری ئەدەبی لەسەر بەرهەمی \"خەوە بەردینە\"ی شاعیری کۆچکردوو بەڕێوە چووە.
\"15193.jpg\"