ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد لە هەولێر ئێوارە شێعرێك بۆ ناسری حیسامی بەڕێوە دەبات

15:05 - 20 بانەمەڕ 2712
كوردپا: ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد لە بانگەوازێكدا بڵاوی كردۆتەوە: رۆژی پێنجشەممە، لە شاری هەولێر ئێوارە كۆڕێكی شێعر خوێندنەوە بۆ ناسر حیسامی نووسەر و شاعێری كورد لە ماڵی وەفایی رێك دەخات.

\"4477.jpg\"
مستەفا شێخە، نووسەر و چیرۆكنووس و یەك لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد لە شاری هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی كوردپا وتی: ئەنجومنی زێد لە درێژەی چالاكیی حەفتانەی خۆیدا رۆژی پێجشەممە رێكەوتی 21ی بانەمەڕی 1391ی هەتاوی (10ی مەی 2012) كاتژمێر 5ی ئێوارە بە بەشداریی كۆمەڵێك لە ئەدیب و نووسەرانی كوردستانی ئێران نیشتەجێی هەرێمی كوردستان لە ماڵی وەفایی ئێوارە كۆڕێكی شێعر خوێندنەوە بۆ ماموستا ناسری حیسامی بەڕێوە دەبات.

مستەفا شێخە وتیشی: شاعێر و نووسەر و وەرگێڕ مامۆستا ناسر حیسامی لەم ئێوارە كۆڕەدا، رۆچنەیەك بە رووی جیهانی خەیاڵی شاعیرانەیدا دەكاتەوە و لەسەر كانیاوی وشە و زمان و ئەزموونی شێعرەكانی وچانێك دەدەین.
\"4474.jpg\"

ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد ماوەی زیاتر لە 6 مانگە لەلایەن كۆمەڵێك لە ئەدیبان و نووسەرانی كوردی ئێرانیی نیشتەجێی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پێوەندی و گرێدانی رەوت و چالاكییە ئەدەبییەكانی دوو بەشی كوردستان و هەروەها درێژەدان بە ئەنجومەنە ئەدەبییەكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران دامەزراوە و هەموو پێنجشەممەیەك لە ماڵی وەفایی کە لەناو پارکی وەفایی دایە، كۆڕەكانی بەڕێوە دەبات.