ئەنجومەنی \"ژیانەوە\"، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە تێکدانی تەواوی کەرەستەکانی بڵاو کردەوە

20:22 - 12 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی ژیانەوە، بە بۆنەی هێرش بۆ سەر نووسینگەی ئەو ئەنجومەنە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێکی بەیاننامەی ئەو ئەنجومەنەدا، هاتووە: \"ئەنجومەنی ژیانەوە بە شانازییەوە ڕادەگەیەنێت کە ماوەی ١٢ ساڵە لە ڕاستای پێشگرتن لە ماددە سڕکەرەکان، هەوڵی بێوچانی داوە و ڕێگای زۆری بڕیوە و ئەو هەوڵانە، هەڕەشەی ئاشکرایە بۆ سەر بەرژەوەندیی هەندێک کەس و لایەنی هەلپەرست\".

دەقی ئەم ڕاگەیەندراوە کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ئه‌نجومەنی پێشگیری له ئیعتیادی \"ژیانەوه\"، بە بۆنەی هەڵکوتانە سەر دەفتەری ئەنجومەنی ژیانەوە

خەڵکی بەشەرەفی شاری مەریوان و دەوروبەری!


هەر وەک ئاگادارن، ماددەی هۆشبەر وەکوو مەترسیدارترین دیاردەی دزێوی سەردەم، ژیان و سڵامەت و بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤی کردووەتە نیشانە.
بە شانازییەوە ئەنجومەنی ژیانەوه، بە هاوکاری و یارمەتیی هەمەلایەنەی ئێوه، ماوەی ۱۲ ساڵه بێوچان بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تێدەکۆشێت و هەنگاوی گونجاوی هەڵگرتووە و ڕێگایەكی زۆری بڕیوه. دیارە ئەو هەوڵانە هەڕەشەیەكی ئاشكرایە بۆ سەر بەرژەوەندیی هەندێک كەس و لایەنی هەلپەرست. بۆیە ناحەزانی گەشه و نەشەی کۆمەڵگا و دوژمنانی سڵامەتی و تەندروستی، چاویان به چالاکی وهەنگاوه کاریگەرەکانی \"ژیانەوە\"دا هه‌ڵنایە و هەرجاره و به شێوازێک له بەردەم کار و چالاکییەکانی ژیانەوەدا کۆسپ دروست دەکەن، تا بەشکوو بتوانن به نیازه گڵاوه‌کانیان، که خەڵەفاندن و خەساندنی کۆمەڵگایه، بگەن.

ئەمجارەش دەست یان دەستانێکی پیس و چەپەڵ هەڵیانکوتاوەته سەر نووسینگەی ژیانەوە، که له باخی پارک جێگیر بووه و به شێواندن و شکاندنی کەرەستە و ئامێرەکان و شپرزکردن و دزینیان، به بۆچوونی خۆیان، ژیانەوه له ئەرکه ئینسانییەکانیان دوور بخەنەوە. دیارە ئەمە جاری یەکەم و دواجاریش نییه، بەڵام \"ژیانەوه\" بە پشتیوانیی جەماوەر، پشتئەستوورتر لە جاران بەرهنگاری ماددەی هۆشبەر دەبێتەوه و بەم هەوڵه نەزۆک و ترسنۆکانه نالەرزێت و بەردەوام ده‌بێت. زۆر بە دڵنیاییەوە خەڵکی ئەمەگناسی شار و گوندەکانی مەریوان، هەروەک چۆن بۆ پشتیوانی له بوومەله‌رزه و لافاولێدراوان، دڵسۆزی و بەهاناچوونی خۆیان سه‌لماند، ئاوەهایش لە بەرانبەر لافاوی ئیعتیاددا که ژیانی هەموومانی خستووەته بەر مەترسی، مرۆڤدۆستی و هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن و زیاتر له جاران پشتیوانی ژیانەوه دەبن و دەیسەلمێنن که دڕندەیی و زەبر و زه‌نگ ناتوانێت ژیانەوه، لە ڕەوتی خزمەتگوزاریی ڕاستەقینەی خەڵکی خۆی چاوترسێن بکات.

بە سپاسەوە
ئەنجومەنی ژیانەوە
١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی