ئەنجومەنی پاژینی بانە لە پەیوەندی لەگەڵ تێکدانی دارستانەکانی شوێ و ساوان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە

16:09 - 26 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی پاژینی بانە بە تێکدانی دار بەڕووەکانی ناوچەی شوێ و ساوانی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەبڕی.

ئەنجومەنی پاژینی بانە لە بەیاننامەیەکی فەرمییدا ڕایگەیاند: ئیزن نادەین بە بەڵێنی لاوەکی و یاری کردن بە وشەکان، ببنە هۆی لە ناوچوون و تێکدانی ژینگە و دارستانە جوانەکانی ناوچەی ساوان و شوێ.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە، کام لۆژیک و عەقڵی دروست قەبووڵ دەکات کە بەهۆی کانێکی نەناسراوە و هەڵنەسەنگێندراو، هەزاران دار بەڕووی چەند سەدا ساڵە بە پێی ڕای کارناسێکی ئێرانی لە ناو بچێت ، لە حاڵێکدا ئەو داربەڕووانە نرخ و بەهایەکی زۆریان هەیە و هەر دار بەڕوویەک ٥٠ هەتا ١٠٠ ساڵە، ٢٥٠٠٠٠هەزار دۆلار بەراورد کراوە.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، هەر بەو جۆرە لە ڕێگای ماڵپەڕەکانی پاژینەوە لە بارەی کانی ناوچەی شوێ و ساوان زانیاریمان خستە بەردەستی ئێوەی خۆشەویست، بەداخەوە ئاگادار کراین کەسێک بە هۆی کەڵکوەرگرتن لەو کانە بە خۆدزینەوە لە یاسا، بەبێ سەرنجدان بە یاسا پەیوەندییدارەکانی ژینگەپارێزی و سەرچاوە سروشتییەکان سەرەڕای دژایەتی فەرمیی ئەنجومەنی پاژین و خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ ئەم پرسە، بۆ پێشگرتن لە چالاکییە بێسەربەرەکان و تێکدانی داربەڕووەکانی زاگرۆس کاری هەڵکەندن و دۆزینەوە لەو کانە دەستی پێکردووە.

بەرپرسانی حکوومەتی بە هۆی نەبوونی زانیاری تەواو، دەستیان کردەوە بەدانی بەڵگەی کانی(قوڕقوشم و ڕوی) بە کەسێک بە ناوی\"س.م\" لە نێوان ناوچەی شوێ و ساوا کە لە دەوروبەری بانە هەڵکەوتوون.

لەو پەیوەنییەدا، ئەنجومەنی پاینی بانە داوای بەڕێوەچوونی ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکات\"

١_دانی ئامار و ڕێژەی خەسارەتی وێکەوتوو ئەو کانە بە مەبەستی ڕوونتر بوونەوە و زانیاری گشتی بە خەڵک.

٢_بەیانییەی فەرمی و گشتی دۆخ و شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵکەندنی کان.
٣_دیاری کردنی لێژنەیەک لە کارناسان و شارەزایانی سەربەخۆی ژینگەپارێزی بۆ باس کردن لە سەر ژینگەپارێزی.

٤_باس کردن و هەڵسەنگاندنی زانستی ئەو ناوچەیە سەبارەت بە چالاکی کان و پاساوی لۆژیکی لە لایەن بەرپرسانی سەرچاوە سروشتییەکان ژینگەپارێزی.

٥_بەپێی (بەندی\"ب\"مادەی ١٢ یاسای زۆربوونی کەڵکوەرگرتنی بەشی کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتی) خەسارەتی بەرکەوتوو بنرخێندرێت.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە لە بەشی فارسی کوردپا دانراوە.