ئەنجومەنی پاژینی بانە بۆ پشتیوانی لە گۆلی زرێبار هاتە دەنگ

15:22 - 29 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: سی پاسکیل سواری ژینگە دۆستی ئەنجومەنی پاژینی بانە بۆ پشتیوانی لە گۆلی زرێباری مەریوان مەودای کوێستانەکانی بانە هەتا مەریوانیان ڕێکابزنی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٩ی ڕەزبەر، سێ پاسکیل سواری ئەنجومەنی پاژینی شاری بانە، بە نیشانە پشتیوانی و ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت لە دەورووبەری گۆلی زرێباری مەریوان مەودای ١٣٥ کیلۆمێتری کوێستانەکانی بانە هەتا شاری مەریوانیان بڕی.

ئەو سێ پاسکیل سوارانە بە دروشمی\"نا بۆ تێکدانی ژینگەی زرێبار\" ئەو کارەیان ئەنجام دا.

ئەو هەوڵەی ئەندامانی ئەنجومەنی پاژینی بانە، لەگەڵ پێشوازیی ئەنجومەنی سەوزی چیا بەرەووڕوو بووە.

ڕۆژی ڕابردوو ٢٨ی ڕەزبەر، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە پەیوەندیی لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نەوت لە مەودای کەمتر لە دوو کیلۆمێتری شوێنی حەوانەی ژینگەی ئاژەڵانی زرێبار بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لەو بەیاننامەیدا ڕادەگەیەنێت؛ بە هیچ شێوەیەک تەحەمولی بەڕێوەچوونی ئاوەها پرۆژەگەلێکی کاولکارانە ناکەین و نایەڵین زرێباری باوانمان کە گرێدراوی هەست و نەستمانە بەرەو باوەشی مەرگ بەرن. ئێمە تاقەتی بینینی برینی قووڵی پاڵاوگەی نەوت لە سەر جەستەی زرێمارمان نییە و لە ئاستیدا بێدەنگ نابین، چونکە بێدەنگیمان بە واتای نەمانمانە.

بەم بۆنەیەوە ئەو ئەنجومەنە داوا لە سەرجەم خەڵک و ڕێکخراوەکان، کارناسان، ژینگەپارێزان، میدیا و بەرپرسان چاوەڕوانین لە ئاست دانانی ئەم پرۆژەیە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو بگرن، چونکە هەموومان لە بەرامبەر هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا بەرپرسین.