ئەنجومەنی هەمیاریی مەهاباد بە هاوکاری هاووڵاتییان دەستیان بە دژەگەندی شوێنەکانی مەهاباد کرد

11:33 - 6 خاکەلێوه 2720

ڕەوتی دژەگەندکردنی شارەکانی کوردستان لەلایەن هاووڵاتییانەوە درێژەی هەیە و  زۆربەی ئەو هەوڵە بە هیمەتی خەڵک و لە سەر تێچووی خۆیان بووە.

ژمارەیەک لە خێرخوازانی شاری مەهاباد، لە سەر تێچووی خۆیان کۆمەڵێک کەرەستەی بێهداشتی و هەروەها دەرمانی دژەگەندیان بۆ خاوێنکردنەوەی کۆڵان، شەقام و تەنانەت ماڵەکانیش کڕیوه.

زۆربەی کۆڵان، گەڕەک و شەقامەکانی مەهاباد، لەلایەن خەڵکی ئەو شارە، بە شێوەی خۆبەخش و لە سەر تێچووی کۆمەڵێک خێرخوازی خەڵکی ئەو شارە، بۆ پێشگرتن له ڤایروسی کۆرۆنا خاوێن کراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ئەنجومەنی هەمیاریی مەهاباد، دەستیان بە خاوێنکردنەوەی خانەی بە ساڵاچووانی ئەو شارە کرد و هەموو کورسی، تەختەکان و بە گشتیی تەواوی خانەی بە ساڵاچووانیان خاوێن کردووەتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تووشبوونی هاووڵاتییان بەو پەتایە و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی بە نیسبەت ئەو نەخۆشییە لە کوردستان، هاووڵاتییان بۆ خۆیان هەوڵی بنبڕکردنی ئەو ڤایرۆسە دەدەن.