ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان رێزی لە سینەماکارێکی کورد گرت+وێنە

13:52 - 28 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، رێزی لە هونەرمەنەدێکی فیلمسازی کوردی خەڵکی شاری سەوڵاوا گرت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پەرویز رۆستەمی، هونەرمەندی سینەماکاری کورد لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوانەوە، لە ماڵی خۆیدا ریزی لێگیرا.

پەرویز رۆستەمی رێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ، بە فیلمی داهۆڵەکانیش دەمرن (مترسکها هم می‌میرند) لە فستیڤاڵی یەڵماز گونەی لە شاری باتمان لە وڵاتی تورکیادا بەشداری کرد و خەڵاتی ئەو فستیڤالەی بەدەست هێنا.

\"24243.jpg\"
خەڵاتی فستیڤاڵی یەڵماز گونەی لە تورکیا بۆ پەرویز رۆستەمی سینەماکاری کورد
ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان هۆکاری خەڵات کردنی ئەو هونەرمەندە دیکیۆمێنت سازەی بۆ ڕێزلێنان و لە تەمەنێک کاری دیکۆمینتاری فیلمی کوردی گەراندۆتەوە.

فیلمی داهۆڵەکانیش دەمرن، کە خەڵاتی خاچی سووری نێونەتەوەییشی بەدەست هێناوە، پێشتریش لە چەندین فستیڤاڵی ناوخۆیی وەکوو فستیڤاڵی فیلمی \"رشد\" و فستیڤاڵی فەرهەنگیانی فیلمسازدا پلەی یەکەمی بەدەست هێنابوو.

لەلایەکی دیکەوە فیلمی \"یەک بە هیچ\" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد سامان حوسین‌پوور، لە فستیڤاڵی فیلمی سەربەخۆی نیۆیۆرکدا، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەدەست هێنا.

فیلمی \"یەک بە هیچ\"، کە لەگەڵ چەندین فیلم لە وڵاتانی رووسیا، سوویس، هولەند، ئەمریکا، مەکزیک و ئۆکراین لەرکابەریدایە، بڕیارە لە رێکەوتی ١٨ و ١٩ی رێبەندانی ئەمساڵدا لە فستیڤاڵی \"بەم\"ی ئەمریکدا بەشدار بێت.