ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان سەبارەت بە دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

20:42 - 28 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە بەیاننامیەکدا ناڕەزایەتی خۆی لە هەمبەر دروستکردنی پاڵاوگەی نەوت لە دەورووبەری گۆلی زرێبار دەربڕی.

ئەندامانی چیای سەوزی مەریوان لە بەیاننامەکەیاندا دەڵین؛ زرێبار یەکێک لەو سەرچاوە سروشتییانەیە کە بەردەوام لەژێر مەترسی و هەڕەشەی هەلپەرەستاندایە و ڕۆژانە تووشی برینی تازە دەبێت.

دەقی ئەو بەیاننامەیە که بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بەڕێ کراوە بەم چەشنەیە:

وڵاتی ئێران لە پشتوێنەی وشکی دنیادا هەڵکەوتووە و هەبوونی دیاردەگەلێکی وەک دارستانەکانی زاگرۆس، زەلکاو و گۆلاوەکان و … تەنیا ڕێکەوتێکە و پاراستنییان تەنیا ڕێگە چارەمانە، چونکە ژیانەوەی پاش مردنیان مەحاڵە. زرێبار یەکێک لەو سەرچاوە سروشتییانەیە کە بەردەوام لەژێر مەترسی و هەڕەشەی هەلپەرەستاندایە و ڕۆژانە تووشی برینی تازە بووە.

پسپۆڕان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەگەلێکی زۆریان لە سەر زرێبار ئەنجام داوە و دڵسۆزانی زرێباریش زۆر جاران لەگەل بەرپرسان پێوەندییان گرتووە و چەندین جار لە وۆرکشاپ و سمینارگەلی زانستیی جۆراوجۆردا مەترسییەکانی لەناوچوونی زرێباریان خستوەتە ڕوو، کەچی هێشتا زرێبار لەگەل هەمان دەردەکانی جاران دەستەویەخەیە و ئیتر بەرگەی کۆستێکی لەوە گەورەتر ناگرێت.

لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی پاراستنی زیاتر و بەدواداچوونی تۆمارکردنی زرێبار لە کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ڕامسەردا بوون، کەچی بەرپرسان لە ڕاگەیاندراوە فەرمییەکاندا بەڵێنی دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە دەشتی بێلوو و لە مەودای کەمتر لە دوو کیلۆمیتری زرێباردا ڕادەگەیەنن و تەنانەت هەوڵی ژینگەپارێزان بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم پرۆژەیە وەک پڕووپاگەندەیەکی میدیایی لە قەڵەم دەدەن. وادیارە کۆبوونەوەی دە هەزار کەسی ڕێوڕەسمی \"ڕۆژێکم بۆ زرێبار\"یان لە بیر چوەتەوە و نایانەوێ باوەڕ بکەن کە مانەوەی زرێبار تا چ ئاستێک گرێدراوی مێژوو، کولتوور و مان و نەمانمانە.

ڕاگەیاندنی پڕ لە شانازیی دانانی بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە، بە واتای دەرهێنانی ڕەگ و ڕیشەی زرێباری بریندار و تاساندنی ژیانی خەڵکی ناوچەیە و تاوانێکی تر وەکوو گۆلی ورمێ دەخولقێنێ. دامەزراندنی پاڵاوگەی نەوت لە ژێر ناوی پەرەسەندن و بردنە سەرەوەی ئاستی پیشە و کەم کردنەوەی هات و چۆی تانکەرە مەرگ هێنەرەکان، فریوێکی گەورەیە کە سەدان جاریتر لەو چەشنە بەڵێنانە لەسەر کاغەز هاتوە و جیا لە ماڵوێرانی هیچی تری پێوە نەبووە! سەیر لەوەدایە کە تا ئێستا هیچ لێپرسینەوەیەک لە پلاندانەرانی ئەو گەڵاڵە وێرانگەرانە نەکراوە.

ئێمە وەکوو ئەنجومەنی سەوزی چیا، بە هیچ شێوەیەک تەحەمولی بەڕێوەچوونی ئاوەها پرۆژەگەلێکی کاولکارانە ناکەین و نایەڵین زرێباری باوانمان کە گرێدراوی هەست و نەستمانە بەرەو باوەشی مەرگ بەرن. ئێمە تاقەتی بینینی برینی قووڵی پاڵاوگەی نەوت لە سەر جەستەی زرێمارمان نییە و لە ئاستیدا بێدەنگ نابین، چونکە بێدەنگیمان بە واتای نەمانمانە.

بەم بۆنەوە لە سەرجەم خەڵک و ڕێکخراوەکان، کارناسان، ژینگەپارێزان، میدیا و بەرپرسان چاوەڕوانین لە ئاست دانانی ئەم پرۆژەیە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی شیاو بگرن، چونکە هەموومان لە بەرامبەر هەر پێشهاتێکی نەخوازراودا بەرپرسین.