ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ پاراستنی ژینگە منداڵان رادێنێت

20:09 - 22 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لەمەو بەدوا منداڵانی کورد لەلایەن ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، مەشقیان پێ دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمیتەی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە مەریوان، کە خۆی بە پەروەردە و راهێنانی خوازیارانی بواری ژینگەپارێزییەوە سەرقاڵ کردبوو، لە کۆتایی حەفتەی رابردووەوە چالاکییەکانی خۆی دەست پی کردەوە.

لەم بەشەدا منداڵانی کورد لە رێگەی مۆسیقا، چیرۆک و بەرنامەی تایبەتییەوە لەگەڵ فەرهەنگی ژینگەپارێزی ئاشنا دەبن و رێکارەکانی پاراستنی ژینگەی کوردستانیان پیشان ئەدرێت.

لە راپۆرتی دەستبەکاربوونەوەی کۆمیتەی منداڵان و مێرمنداڵاندا، کە ماڵپەڕی ئەنجومەنی سەوزی چیا بڵاوی کردۆتەوە؛ منداڵان وەکوو داهاتووی کۆمەڵ وەسف کراون و ئەنجومەنیش بۆ دەستبەسەر بوونی کۆمەڵگە و داهاتووییەکی سەوز، خۆی بە راهێنانی منداڵانەوە سەرقاڵ دەکات.

پەروەردە و راهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە رۆژی پێنج‌شەممەی ئەم حەفتەیەوە لە بنکەی ئەنجومەنی سەوزی چیا لە شاری مەریوان دەست پێ دەکات.

\"17791.jpg\"
چەند رۆژ پێش ئێستا ئەم ئەنجومەنە خەڵکییە لە ١٤ گوندی سەربە شاری مەریوان چەندین خولی پەروەردەیی و راهێنانیان بۆ پاراستنی ژینگە بەڕێوە بردبوو.

ئەنجومەنی سەوزی چیا لە قاڵبی NGO لە شاری مەریوان بە لایەنگری لە ژینگە و سروشتی کوردستان لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە دەستیان بە چالاکیی ژینگە پارێزی کردووە.

هەوڵدان بۆ پاراستنی ژینگە و پەرە پێدانی فەرهەنگی ژینگەپارێزی، بەڕێوەبردنی چالاکی لە راستای بەرەو پێشڤەچوونێکی گشتگیر و هاوتەریب لەگەڵ فەرهەنگی ژینگە دۆستی بە مەبەستی مانەوە و بووژانەوەی سروشت، وەکوو ئامانجە سەرەکییەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا راگەیەندراوە.

بەپێی وتەکانی بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی وڵاتی ئێران، ئەم وڵاتە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا لە پلەبەندیی وڵاتانی جیهاندا بۆ پێوانە ژینگەییەکان و پوانی زەوی، ٦١ پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، کە بەم پێیە سروشت و ژینگەی ئێران بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار هەنگاوی ناوە.