ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان: هیچ کات نادادپەروەری قەبووڵ ناکەین

14:52 - 27 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە پەیوەندیی لەگەڵ دەسبەسەر و گوشار خستنەسەر مامۆستایان و چالاکانی سێنفی، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەی مامۆستایاندا هاتووە؛ ئەوان هاوکاری فەرهەنگیی ئێمەیان بە ناوی \"ئومید شامحەممەدی\" لە شاری دیواندەرە دەسبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە. بە هێرش کردنە سەر ماڵی هاوکاری فەرهەنگیمان، ئەسکەندر لوتفی لە شاری مەریوان، هێندێک کەرەستەی شەخسی وەک موبایل، لەپتاپی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە و ڕۆژی دواتر بانگهێشتی شاری سنە کراوە و لەژێر گوشار و لێپرسینەوەی هێزە ئەمنییەتییەکان دابووە.

لە بەشێکی دیکە بەیاننامەی مامۆستایانی سێنفیدا هاتووە؛ لەوپەڕی بێ‌باوەڕیدا دۆسیەی پێشوو کە تایبەت بوو بە مانگرتنی سەرتاسەریی ٢٢ و ٢٣ی خەزەڵوەر، ٦ کەس لە فەرهەنگییانی شاری سەقز بە ناوەکانی \"تاهیر قادر زادە، سلێمان عەبدی، خالید عەبدوڵڵاهی، ئەحمەد قادری، حامید یەزدانی و سەید عەلی حوسێنی\"، کە پێشتر لە لایەن دادیار حەق تەلەب لە دادگای شاری سەقزەوە بە داخراوی ڕاگەیاندرا بوو، بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بێتاوانی لە تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دەرکراوە، لەژێر کاریگەریی گوشار و بەکار هێنانی کردەوەی تاکەکەسی چەند کەسێک لە بەڕێوەبەرانی شار لەسەر دادستانی، ئەو دۆسیەیە جارێکی دیکە بە کراوەی ماوەتەوە و ئامادە کراوە بۆ حوکمێکی نوێ لە لایەن دادوەرەوە.

دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە لە بەشی \"فارسی\"، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپادا هاتووە.