ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، خوازیاری ناسینەوە و سزادانی تاوانباری ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەکەی زاهێدانن

14:31 - 1 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ( سەقز و زیویە)، سەبارەت به ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانەی \"ئوسوەی حەسەنە\"ی زاهێدان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هێشتا ڕووداوە دڵتەزێنەکەی شیناوێ لە بیر نەکراوە، که بەداخەوە هەواڵێكی تاڵ و دڵتەزێنی دیکە لە زاهێدان، خەڵکی ئاگای ئێران و بنەماڵەی گەورەی بەشی پەروەردەی بۆ جارێکی دیکە خەمبار کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ماوەیەک پێش کۆمەڵگای فەرهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکان، بەپێی ئەرکی خۆیان وتووێژێکی زۆریان لەسەر ئیمەنکردنەوەی قوتابخانەکانیان هێنایە گۆڕێ و ئاکامی بێخەبەری لەم بابەتانەیان گەیاندە گوێی بەرپرسان. بەڵام بەداخەوە، نەک هەر نەبیسترا بەڵکوو به بیانووگەلی بێبنەما، چالاکانی سینفی و ئەو دڵسۆزانەی کە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و بەس به هۆی هەست بە بەرپرسایەتییەوە وەها هەڵویستێکیان به ئەرکی خۆیان زانیوە، بانگهێشت و تەنانەت دەسبەسەر کراون و لە جیاتی ئەوەی دەنگیان ببیستن و تووشی ئەم کێشەیە نەبن، هەوڵی سڕینەوەی ئەسڵی دۆزەکەیان داوە. بێخەبەر لەوەی کە ئەم چالاکه سێنفییانه تا سەلماندنی خواستە سێنفی و یاسایییەکانیان دەست لە تێکۆشان هەڵ ناگرن.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆتاییی ئەم ڕاگەیەندراوەدا، سەرەڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەم ڕووداوە پڕ ئازارە و هاوکارانی فەرهەنگیی خۆیان و هەروەها هەموو قوتابییەکان، خوازیاری ناسینەوە و سزادانی تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم ڕووداوە و ڕووداوەکانی وەک ئەوە بوون.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، قوتابخانەی کچانەی \"ئوسوەی حەسەنە\" لە زاهێدان، به هۆی ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی سووتا و دوو قوتابی بە ناوەکانی \"مۆنا خۆسرەوپەرەست\" و \"سەبا عەرەبی\" به هۆی ڕادەی زۆری سووتان، گیانیان لە دەست دا.

ئاگرگرتنی ئەم قوتابخانەیە، کاردانەوەی توندی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدواوە بوو و ئەوان لەم کارەساتەدا بەرپرسانی دەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانن.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەزیش،\" یکتا میرشکار\" و \" مەریەم نۆکەندی\"، دوو کەسی دیکە لە قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە بوون، کە گیانیان لە دەست دا.