ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی شەعبان محەممەدی بوون
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان لە بانگەوازێکدا دەسبەسەرکردنی "شەعبان محەممەدیـ"ـیان مەحکووم کرد و کۆبوونەوەی پشتیوانی لەو مامۆستا کوردەیان لەبەر دەرگای فەرمانداریی مەریوان ڕاگەیاند.
دەقی ئەو بانگەوازە بەم چەشنەیە:
بانگەوازی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان لەمەڕ مەحکوومکردنی دەسبەسەرکرانی شەعبان محەممەدی ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەن
فەرهەنگییان و هاوکارانی خۆشەویست!
بەو شێوەیە کە ئاگادارن "شەعبان محەممەدی" فەرهەنگیی خانەنشینکراو و یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی مەریوان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕێبەندان لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرتاسەریی فەرهەنگییانی ئێران، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ئەو دەسبەسەرکردنە لەگەڵ شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا و سەرتاسەری ئێران بەرەوڕوو بووەوە.
ئەمڕۆ پاش تێپەڕینی ٦ ڕۆژ و سەرەڕای بەدواداچوونی هەر ڕۆژی بنەماڵە و ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، بەداخەوە و بەوپەڕی نیگەرانییەوە لە دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە فەرهەنگییە، هەنووکە لە شوێنی ڕاگیرانی هیچ زانیارییەک بەردەست نەهاتووە.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان، وێڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەرکردنی "شەعبان محەممەدی"، خوازیاری پشتیوانیی هەمەلایەنەی فەرهەنگییانی مەریوان و سەرتاسەری ئێرانین و خوازیاری ئازادکردنی بێمەرجی ئەو چالاکە سێنفییەین.
ئێمە وێڕای بەدواداچوونەکانی خۆمان و ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ئەمنییەتی و دەسەڵاتداران لە لێکەوتەی دەسبەسەرکردنی درێژخایەنی شەعبان محەممەدی، بۆ پشتیوانی لە ئازادکردنی ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفییە و پشتیوانیی هەمەلایەنە لە بنەماڵەکەی، خوازیاری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هەموو فەرهەنگییانی مەریوانین لە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕێبەندان کاتژمێر ١١ هەتا ١ و نیوی دوانیوەڕۆ لە بەردەم بینای فەرمانداریی مەریوان.
هیواخوازین لەگەڵ فەرهەنگییان و مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا، شایەتی ئازادیی شەعبان محەممەدی و مامۆستایانی دیکەی زیندانیکراو بین.
ڕۆژی یەکشەممە بەردەم بینای فەرمانداریی مەریوان، کاتژمێر ١١ و ٣٠ خولەک
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان