ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایان، پشتیوانیی خۆیان لە \"محەمەد حەبیبی\" دەربڕی

16:43 - 9 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە)، لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانیی خۆیان لە محەمەد حەبیبی ڕاگەیاند.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە)، بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڕیاری لەسەرکاردەرکردنی \"محەمەد حەبیبی\"


ناوی محەمەد حەبیبی، ساڵانێکە لەگەڵ قوتابخانە، فەرهەنگ و بەتایبەتی چالاکییە مەدەنی و ڕەواکانی مامۆستایاندا دێت. دڵسۆزی، خاوەن بیری و چالاکی، ناوبراویان کردووە بە کەسێکی ناسراو لە شەپۆلی نوێی جووڵانەوە ڕەواکانی مامۆستایان. لە ڕاستیدا محەمەد حەبیبی دەیویست بە درێژەدان بە ڕێگای پێشینەکانی خۆی لەم نیشتمانەدا، بڵاوکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگ لە کۆمەڵگا بکاتە مەرهەمی هەموو دەردەکانمان. بەداخەوە چاوی کەمحوکمی تاریکپەرستان توانای بینینی ئەم چرا ڕێ نیشاندەرەیان نەبوو. دەرکردنی بڕیاری زیندانیکردن بۆ مامۆستایەک، داخێکی لە نێوچاوی هێزی دادوەریی وڵاتدا مۆر کرد.

جێگای مامۆستا زیندان نییە. ئەم هاوارەی مامۆستایان چەندین جار لە گەرووی گیانیانەوە، دەریان بڕیوە. شەلاق شیاوی جەستەیەک نییە، کە تێدەکۆشێت بە گفتوگۆ و نووسین، فەرهەنگی ڕەواییپێدان و لێبووردن، جێگای تۆڵە و توندوتیژی بگرێتەوە.

ئەوان حوکمی لێدانی شەلاق و زیندانییان بە ناڕەوا داوە بە سەر \"محەمەد حەبیبیـ\"دا و بە کەم زانینی ئەم حوکمانە دەیانەوێت بە سەپاندنی گوشاری زۆرتر بە سەر ئەم مامۆستا نەسرەوتووە و بە دەرکردنی لە کاری مامۆستایی، بێدەنگی بەسەر کۆمەڵی فەرهەنگیی ئەم نیشتمانەدا بسەپێنن. بەڵام خەیاڵێکی بەتاڵە. ناتوانن بە لێکردنەوەی قەدەکان پێشگیری لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی چڵەکان بکەن.

ئێمە محەمەد حەبیبی بە ڕۆڵەیەکی ڕاستگۆ و مافخوازی ئەم نیشتمانە و بە مامۆستایەکی نموونە و پێداگر دەزانین. پەرێشانییەکانی محەمەد حەبیبی لە هەمان جنسی پەرێشانییەکانی ئێمەیە. ئەو هاوکاری فەرهەنگی ئێمەیە و هەروەها خۆیشی بە کارە ڕاستگۆیانەکانی، مۆری سەربەرزیی لە کارنامەی کاری ئازادیخوازانەی بۆ ئێستا و داهاتووی خۆی، لێداوە.

پلانی لەسەرکار دەرکردنی محەمەد حەبیبی، نەک لە ئێمەی دادەبڕێت، بەڵکوو هاوپەیەمانیی ئێمە لەگەڵ خۆی و ڕێگەکەی، دوو قات دەکاتەوە. نەکا پێتان وابێت کارێکی لەم چەشنە دەبێتە هۆی شڵەژاندنی زیاتری جەوی فەرهەنگیی ئەم نیشتمانە.

ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە)
٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨