ئەنجومەنی جوغرافیای زانكۆی پەیام نووری مەریوان كۆمەڵكوژیی خەڵكی شرناخی مەحكووم كرد

20:22 - 12 بەفرانبار 2711
كوردپا: ئەنجوومەنی جوغرافیای زانكۆی پەیام نووری مەریوان لە بەیاننامەیەكدا كوژرانی بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی كوردی ناوچەی شرناخی لەلایەن ئەرتشی توركیەوە، مەحكووم كرد.

وێنەیەكی ئەو بەیاننامەیە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا گەیشتووە.

دەقی بەیاننامەكە:
خەڵكی بەشەرەف و ئازادیخوازی كوردستان
بەداخەوە لە رۆژی 7ی بەفرانباری 1390 هەتاوی، هەواڵی كۆمەڵكوژی زیاتر لە 35 كەس خەڵكی مەدەنیی باكووری كوردستان بڵاو بووە‌وە و بۆ جارێكی دیكە خاڵێكی خوێناویی لەسەر مێژووی كورد تۆمار كرد.
ئەم رەشەكوژییە لە كاتێك دایە كە دەسەڵاتدارانی تورك لە ژێستێكی درۆزنانەدا خۆیان بە هاوپشتی خەباتی گەلی سووریە نیشان دەدەن و لایەنگری لە مافی مرۆڤ دەكەن بەڵام بەهۆی بێ‌دەنگیی كۆمەڵگای جیهانی سەبارەت بە پرسی كورد بۆ چەندەمین جار دەستی خۆیان بە خوێنی هاووڵاتیانی كوردستان سوور دەكەن.

ئێمە وەك ئەندامانی ئەنجومەنیی جوغرافیا، ئوپەراسیۆنی دەوڵەتی دژی مرۆیی تورك ئیدانە دەكەین و داواكاری دادگایی كردنی بەرپرسانی ئەم كردەوە قیزەونەین و هەروەها داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارڵەمانی كوردستان و لایەنە كوردییەكان دەكەین سەبارەت بەم كێشەیە بێ‌دەنگ نەبن و لەم سەردەمی هەستیارەدا كوردستانیانی باكوور لە یاد نەكەن. حكوومەتی توركیە لە كاتێكدا لە بەرچاوی كۆمەڵگای جیهانی دەست لە ئوپەراسیۆن هەڵناگرێت كە چەندین رێگای ئاشتییانە و لەوانەش دیالۆگ لەبەر دەست دایە.

حكوومەتی توركیە و لە سەرووی هەموویان رەجەب تەیێب ئەردۆغان، دەبێت وانە لە مێژوو وەربگرێت و بزانێت كە بە كوشتنی خەڵكی بێ‌دیفاع ناتوانێت پێش بە ویستی گەل بگرێت و حەقیقەت بەردەوام رێگای خۆی دەبڕێت هەتا ئەو كاتەی بە ئامانجەكەی دەگات.

بە هیوای رزگاری یەكجاری گەلەكەمان
ئەندامانی ئەنجومەنی جوغرافیای زانكۆی پەیام نووری ناوەندی مەریوان.

10ی بەفرانباری 1390ی هەتاوی