ئەنجومەنی ئاسایش: ئێران لە ناردنی چەك و چۆڵ بۆ حكوومەتی سووریە بەردەوامە

16:57 - 3 خاکەلێوه 2712
كوردپا: لە دانیشتنی لێكدانەوەی بەندەكانی پێشێلكاریی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن ئێرانەوە، نوێنەرانی ئەمریكا، بریتانیا و فەرانسە لە چەند راپۆرتێكدا پێداگرییان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە حكوومەتی تاران لە ناردنی چەك و چۆڵ بۆ سووریە بەردەوامە.

ماڵپەڕی دۆیچەوێلە لە راپۆرتێكدا بڵاوی كرۆدتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بریتانیا لە پەراوێزی ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ لێكدانەوەی قەیرانی سیاسیی سووریە رایانگەیاندووە، كە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە دابین كردنی چەك و چۆڵی پێویستی حكوومەتی بەشار ئەسەد بۆ سەركوتی دژبەران.

لەلایەكی دیكەوە فەرانسەش هەر لە پەراوێزی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا چەندین راپۆرتی لەمەڕ نادرنی چەك و چۆڵی ئێران بۆ سووریە بڵاو كردۆتەوە و هەر سێ‌ وڵاتی بریتانیا ئەمریكا و فەرانسە جارێكی تر ئەو كردەوانەی ئێرانیان بە كردەیەكی نایاسایی و پێشێلكاری ئاشكرای رێككەوتننامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش وەسف كردووە.

بەپێی ئەو رێككەوتننانەی كە لەمەڕ بەرنامەی ناوكیی ئێران پەسند كراون، هەرچەشنە هەناردەیەكی چەك و چۆڵ لەلایەن حكوومەتی ئیسلامییەوە بۆ وڵاتانی دیكە بە قەدەغە راگەیەنراوە.

ئەو تاوانانە لە دانیشتنێكدا خرانە روو كە بۆ تاوتوێی حاڵەتەكانی پێشێلكاریی بڕیارنامەكانی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن ئێران، رێك خرابوو.

رزماری دی كارلو، جێگری نوێنەری ئەمریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، رایگەیاندووە: \"بەشێكی بەرچاو لە پێشێلكاریی بەندەكانی رێككەوتننامەكان، پێوەندیی بە قاچاخی چەك و چۆڵ بۆ حكومەتی سووریەیە و كە ئەویش بۆ سەركوتی دژبەران بەكاری دەهێنێ‌\".

دیپلۆماتكارانی رۆژئاوا لەو باوەڕە دان كە سووریە لە هێندێ‌ حاڵەتدا رۆڵی \"ناوبژیوان و گوێزەرەوە\" دەگێڕێت هەتا لە ئەنجامدا ئەو چەك و چۆڵانە بگەنە دەستی \"باسكە نیزامییەكانی ئێران لە ناوچە، واتە حەماس لە فەلەستین و حیزبوڵڵا لە لوبنان\".

مارك گرنت، نوێنەری بریتانیا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەەكان و مارتین برین، نوێنەری فەرانسەش بە توندی كردەوەكانی ئێرانیان لە هەمبەر سووریە مەحكووم كردووە و بە پێشێلكاری رێككەوتننامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشیان لە قەڵەم داوە.

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دیتنەوەی رێكارێكی گونجاو بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی ناوخۆیی سووریە و راگرتنی سەكوتی ناڕازییان لەلایەن دەوڵەتی سووریەوە بەردەوامە و 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش رۆژی چوارشەممە بە دەركردنی بەیاننامەیەك رایانگەیاندووە كە بۆ كۆتایی هاتن بە قەیرانی سووریە پشتیوانی لە گەڵاڵەی پێشنیاریی كووفی عەنان دەكەن، بەتایبەت پشتگری لەو شەش پێش مەرجە دەكەن كەلە گەڵاڵەیەدا هاتووە.

لەو بەیاننامەیەدا هەڕەشە لە سووریە كراوە كە ئەگەر بێت و پێشێل كردنی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام بێت، لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە لەگەڵ \"هەنگاوی ناڕوونی دواتر\" بەرەوڕوو دەبێت.

سووریە بە یەكێك لە گەورەترین هاوپەمانەكانی ئێران لە ناوچە دێتە ئەژمار و ئێرانیش هاوشانی چین و رووسیە، لە گرینگترین پشتیوانانی دەوڵەتی سووریە لە قەڵەم دەدرێت.

زۆرێك لە چاودێر و شرۆڤەكارانی سیاسی هۆشدارییان داوە كە بەشار ئەسەد، لەمەڕ رووخانی حكوومەتەكەی ترسی لێ نیشتووە و لەو باوەڕە دان كە درێژەدان بە سەركوت و كوشتاری دژبەران بێگومان وڵاتی سووریە رووبەوڕووی شەڕێكی تەواو ناوخۆیی دەكاتەوە.