ئەنجامدانی چالاکیی ژینگەپارێزی لە کامیاران

14:25 - 14 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی شەپۆلی ژینگەدۆستی و خاوێن کردنەوەی ژینگەو چالاکیی ئەنجومەنە خەڵکییەکان لە کوردستانات، چالاکییەکی ژینگەپارێزی لە کامیاران بەرێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی ژینگەپارێزی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی ئاژوانی کامیاران، لە چالاکییەکی خۆڕسکدا زیارەتگەی (بایسپەرنە)یان لە زبڵ و پاشماوەی بەجێماو لەو شوێنە خاوێن کردەوە.

یەکێک لە چالاکانی بەشداری ئەو چالاکییە ژینگەپارێزییە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ رێکەوتی ١٢ی پووشپەڕ بە بەشداریی زیاتر لە ٢٠ چالاکی ژینگەپارێزی و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی ئاژاوان، زیارەتگەی بایسپەرنە خاوێن کرایەوە.

ئەو چالاکە هۆکاری بەشداری کردن لەو چالاکییەیدا بۆ جێگیرکردنی فەرهەنگی ژینگە و نیشتمان دۆستی گەڕاندەوەو گوتی، ئەم چالاکییە بەبێ پشتیوانیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەرێوەچووە.

ئەنجومەنی سەوزی ئاژوانی کامیاران، لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردۆتەوە؛ بە سەرنجدان بەوەیکە ئەو زیارەتگەیە پێویستیی بە خاوێن کردنەوە بوو، هەوڵماندا دووەمین چالاکیی ئەنجومەنەکەمان بۆ خاوێن کردنەوەی زیارەتگەی بایسپەرنە تەرخان بکەین.

ئەو ئەنجومەنە لە رۆژانی رابردووشدا و بە یارمەتیی هاووڵاتییان و چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری کامیاران، شوێنی گەشتیاریی (کەوار)یان لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران داماڵیبوو.
\"20910.jpg\"

\"20909.jpg\"

\"20907.jpg\"

\"20908.jpg\"

\"20906.jpg\"