كەمیی ئاو بەرۆکی شاری سەقزی گرتووەتەوە

16:28 - 13 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: کێشەی بێ‌ئاوی و کەم‌ئاوی شار و گوندەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و ئەوەش پرسێکی جیددیه و بەرپرسانی حکوومەتیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کێشەی کەم‌ئاوی لە شاری سەقزدا نیگەرانی جیددی دروستکردووە و ئەو کێشەیەش بێ چارەسەکردن ماوەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، هەنووکە کێشەی کەم‌ئاوی لە شاری سەقز زۆر جیددیە و هەر ڕۆژ گەڕەکێک ئاوی نیە و ماوەیەک لەمەوبەریش دەیانگوت کە ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە نەخۆشیی باکتریی جۆری وەبای گرتووە.

ئەگەرچی شاری سەقز تووشی کەم‌ئاوی بووە بەڵام بەنداوی لەگزی لە شاری سەقز پاشکەوتی ئاوی زۆرە.

دانیشتووانی ئەو شارە ڕایانگەیاندووە کە هۆی کەم‌ئاوی لەو شارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەنداوی سەقز لەژێر دەسەڵاتی میاندوا دایە و ئاوی ئەو بەنداوە بە میانداو فرۆشراوە و تەنانەت ئیدارەی ئاوی سەقز دەبێت مانگانە پارە بدات بە ئیدارەی ئاوی میاندواو.

هەروەها بەشێکی زۆری ئەو ئاوە بۆ شاری تەورێز و شارە تورک‌نشینەکان گوازراوەتەوە ئەوەش لە حاڵێک دایە کە خەڵکی ئەو شارە و وەرزێڕەکانی تووشی کێشەی بێ‌ئاوی بوونە.

ماوەیەک پێش جێگری پارێزگاری کوردستان کەم‌ئاویی لە شاری سەقز وەک گەورەترین کێشەی ئەو شارە لە قەڵەم دابوو و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش پێشنیاری کردبوو ئاوی بەنداوی چراوەیس بگیرێتەوە تا خەڵکیش بتوانن لێی سوودمەند بن.

لە کۆی ٢٧٥ گوندی شاری سەقز ١٦١ گوندیان لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ دان. کە بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی گوندەکانی سەقز، ئەمە بەرزتر لە ستانداردەکانی پارێزگای کوردستانە.