٧١ـە‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی جاڕنامه‌ی گشتیی مافه‌کانی مرۆڤ
ته‌یموور ئه‌لیاسی
نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان -ژنێڤ له نهتهوەیهکگرتووهکان
له ١٠ی دێسامبری ١٩٤٨ له پاریس دوای دوو شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی و ژینۆسایدی جووه‌کان که ویژدانی مرۆڤایه‌تیی هه‌ژاند، کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی به تێکڕای ده‌نگ جاڕنامه‌ی گشتیی مافه‌کانی مرۆڤیان په‌سه‌ند کرد.
له به‌ره‌به‌یانی به‌رزڕاگرتن و ڕێزگرتنی ئه‌م جاڕنامه‌یه که وه‌ک مافێکی بنه‌ڕه‌تیی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی، جیهانی، هاوسان و دادپه‌روه‌رانه ناوزه‌د ده‌کرێت، وه‌بیرهێنانه‌وه ی چه‌ند خاڵ و پره‌نسیپ پێویسته.
لە دەسپێکدا به‌داخه‌وه له ته‌واوی دونیا مافه‌کانی مرۆڤ به‌ره‌و دواوه ڕۆیشتووه و پێشێل ده‌کرێت، هەروەها قەیرانی کۆرۆنا بووەتە ئامرازێکی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی تۆتالیتێر و دیکتاتۆرەوە.
له ئورووپا گوفتمان و گوتاری ناسیۆناڵیستیی کوێرانه و دژی په‌نابه‌ر و کۆچبەر په‌ره‌ی سه‌ندووه و پارته ده‌سته ڕاستییه‌کان ڕوویان له زیادبووندایه. ئه‌مه‌ش بووەته هۆی به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی فه‌زای ئازاد و مافه‌کانی مرۆڤ له ئورووپا.
له به‌شێکی زۆری دونیا شایه‌تی زیادبوونی ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوی شه‌ڕ و پێشێلکاریی به‌ربڵاوی مافه‌کانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها جینایه‌تی شه‌ڕ، گۆڕینی دیمۆگرافی، پاکتاوی ئیتنیکی و تەنانەت به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی قه‌ده‌غه‌کراوین له‌لایه‌ن کۆنڤانسیۆنه‌کانی ژنێڤ.
له ساڵی ٢٠١٢ـەوه ڕێژیمی سووریە به پشتیوانیی ئێران، چه‌ندین جار چه‌کی کیمیایی دژی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته به‌کار هێناوه.
له‌شکه‌ری تورک به سه‌رۆکایه‌تیی "ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان" هیرشی کردووەته سه‌ر شاری کوردنشینی عه‌فرین، چه‌ندین شاری کوردستانی باکووری به‌تایبه‌ت "جه‌زیره" وێران کردووه و بۆ سه‌د ساڵه زمان و کولتوری کورد له‌و وڵاته قه‌ده‌غه کراوه.
له‌شکه‌ری "مه‌یانمار" خه‌ڵکی "ڕۆینگاس" کۆمه‌ڵکوژ دەکات و له خاکی باب و باپیرانیان ده‌ر ده‌کات.
یه‌مه‌ن بووه‌ته جێگای ململانێ و شه‌ڕی نێوان ئێران و عه‌ره‌بستان و خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته برسی دەکرێن و بوونه‌ته بارمته‌ی شه‌ڕی ئه‌و دوو وڵاته.
له ته‌واوی ئه‌و شه‌ڕانه‌دا که زۆربه‌یان بۆنی ژینۆسایدیان لێ دێت، مافه‌کانی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک پێشێل ده‌کرێت و کچان تووشی توندوتیژیی جنسی ده‌بنەوە. بۆ وێنه له "کۆنگۆ" کچان دەسدرێژییان پێ ده‌کرێت و وه‌ک ئامرازی شه‌ڕ که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گیردرێت.
له سووریە و عێراق کورده ئێزدییەکان ژینۆساید کران و له‌لایه‌ن داعشەوە کچانی ئێزدی وه‌ک کۆیلە و بەردە که‌ڵکیان لێ وه‌رگیرا و ده‌فرۆشران و دەسدرێژییان پێ ده‌کرا. دیاره ئه‌ندامانی پێکهاتە نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌کان گه‌وره‌ترین قوربانیی ئه‌و شه‌ڕانه‌ن و زۆرترین خه‌ساریان بەردەکەوێت.
له ئێران ساڵانه سه‌دان هاوڵاتیی کورد، به‌لووچ، عه‌ره‌بی ئه‌هوازی و به‌هایی به‌هۆی بیر و باوه‌ڕی سیاسی، جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی‌یان له‌گه‌ڵ ڕێژیمی حاکم له‌سێداره ده‌درێن.
زۆر جار وڵاتان به‌تایبه‌ت ئێران و چین و عه‌ره‌بستان به ناوی "کولتوری ڕیلاتیڤیسم" واته "نسبی یان ئیدیۆلۆژی و شه‌ریعه‌ته‌وه" پره‌نسیپه‌کانی جاڕنامه‌ی گشتیی مافه‌کانی مرۆڤ پێشێل ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه ژێر پرسیاره‌وه.
وڵاتی ئێران که پێنج له‌و نۆ په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی په‌سه‌ند کردووه، ساڵانه له‌لایه‌ن شورای مافه‌کانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له ژنێڤ و هه‌روه‌ها له کۆڕی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له نیۆیۆرک به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک مه‌حکووم ده‌کرێت بۆ پێشێلکارییه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤ له ئێران.
به‌پێی دواهەمین ڕاپۆرته‌کانی نهتهوەیهکگرتووهکان نیوه‌ی زیندانییانی سیاسیی ئێران کوردن و زیاتر لە یه‌ک چواره‌می له‌سێداره‌دراوه‌کانی ئێران کوردن. کورد تەنیا نزیکی ١٣ ملیۆن که‌س ده‌بن له ئێرانی ٨٠ ملیۆنی. هه‌رچه‌نده ڕێژه‌ی هاوڵاتییانی کورد له ئێران زۆر که‌مه بەڵام ڕێژه‌ی به‌رزی کوشتاری کورده‌کان جێگه‌ی نیگرانیی ڕاپۆرتێری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌کانه بۆ ئێران.
له ٧١ـە‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی جاڕنامه‌ی گشتیی مافه‌کانی مرۆڤ، وه‌ک نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان _ ژنێڤ خوازیارم له هه‌موو هێز و پارته سیاسییه‌کانی کوردستان، ناوەندی هاوکاریی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و به‌تایبه‌ت حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە سزای حوکمی له‌سێداره هه‌م له یاسا و هه‌م له کرده‌وه‌دا هه‌ڵ بگرن، چونکه خه‌ڵکی کوردستان هه‌میشه یه‌که‌م قوربانیی سیاسه‌تی سێداره بوونه و زۆرینه‌ی وڵاتانی خاوه‌ن شارستانییه‌ت ئه‌و سزایه‌یان له ده‌ستوور و یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌کانیان هه‌ڵگرتووه.
ناوەرۆکی ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لێی بەرپرسیار نییە.