بۆکان؛ سێ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی هەورام مێهرنەوایی، بەندکراوی سیاسی کە لە مورەخەسیدا بووە و پێنج ڕۆژ ناڕوونیی چارەنووسی

22:25 - 27 جۆزەردان 2726

٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ "هەورام مێهرنەوایی" بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بۆکان کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە هۆی دۆخی شەڕەوە لە مورەخەسیدا بوو، لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بە کوردپای وت: "هەورام مێهرنەوایی" بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٤ ساڵانی خەڵکی بۆکان کە لە مورەخەسیدا بووە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەەم بەندکراوە سیاسییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەورام مێهرنەوایی هەروەها لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی پێوەندی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.

هەورام مێهرنەوایی لە ماوەی ساڵەکانی ١٤٠١ و ١٤٠٣دا دوو جار دەسبەسەر کراوە و ٥٤ مانگ بەندکرانی بەسەدا سەپاوە. دەسبەسەکرانی ئەم دواییە، سێیەمین دەسبەسەرکرانی ناوبراو بەئەژمار دێت؛

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، "هەورام مێهرنەوایی" پاش بانگکرانی تلفۆنی بۆ ئیتلاعاتی بۆکان لە پێوەندی لەگەڵ "بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان" دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها لە ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١، ئەم لاوە کوردە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازدی"دا لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە ٥٤ مانگ بەندکرانی داسەپاو حوکم درا.

ناوبراو لە ڕۆژی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا بۆ جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا و پاش ماوەیەک لەژێر چاوەدێریی پێبەندی ئێلێکترۆنیکیدا لە دەوروبەری شاری بۆکان لە بەندیخانە ئازاد کرا، بەڵام دواتر بۆ تەواوکردنی ماوەی حوکمەکەی دووبارە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.

هەورام مێهرنەوایی ڕۆژی ٢٢ی بانەمەڕی ٤٠٤ لە ناڕەزایەتی بە قەبووڵنەکردنی داواکارییەکەی بۆ ئازادیی مەرجدار پاش تێپەڕاندنی یەک لەسەر سێی ماوەی حوکمەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان مانی لە خواردن گرتبوو.