شنۆ؛ سێ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی فەرهاد ئیبراهیم‌زادە، قادر باریکی و جەعفەر باریکی

22:03 - 27 جۆزەردان 2726

٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی "فەرهاد ئیبراهیم‌زادە"، "قادر باریکی" و "جەعفەر باریکی" هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

 سەرچاوەیەکەی ئاگادار وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرهاد ئیبراهیم‌زادە" خەڵکی گوندی "کانیڕەش" و "قادر باریکی" و "جەعفەر باریکی" خەڵکی گوندی "قەڵاتیان" سەر بە شاری شنۆ، بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان، بە بێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

"قادر باریکی" و "جەعفەر باریکی" برای یەکترن.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی هەر چەشنە پێوەندی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵە و هەروەها دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.