شەباب/ئیلام؛ ۶ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی ئەمیرحوسێن ڕۆستەمی
22:31 - 27 جۆزەردان 2726
۲۷ی جۆزەردانی ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئەمیرحوسێن ڕۆستەمی"، لاوی تەمەن ٢٠ ساڵانی خەڵکی بەشی شەباب لە پارێزگای ئیلام، هێشتا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی پێوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بۆ کوردپا، وتی: "ئەمیرحوسێن ڕۆستەمی"، ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ناوەندە ئەنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.