٤٦ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بەڕێوە چوو

10:52 - 19 رەشەمه 2720

لە ٤٦ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا، ڕاپۆرتی ساڵانەی جاوید ڕەحمان ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان و وتاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ، لەلایەن تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان ، لەسەر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش بە بەشداربووان کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی ڕەشەمە (٩ی مارس)، پاش پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئێران و وڵامی فەرمیی نوێنەری ئێران و وتاری بەشێک لە وڵاتانی ئەندامی شۆرای مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئێران، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان -  ژنێڤ، وتارێکی هاوبەشی چوار ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی لە سێدارە، شەپۆلی هەڕەمەکی‌گرتن و سەرکوتی هاووڵاتییانی کورد، بەلووچ و عەرەب، پێشکەش کرد.

جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، نیگرانیی قووڵی خۆی لەمەڕ خراپتربوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران بە تایبەت لەسەر پرسی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردن لە یاسا و کردەوەدا دژی ژنان و کچان و هەروەها مارەکردنی پێشوەختی کچانی مێرمنداڵ، دەربڕی.

  ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەشێکی دیکە لە وتارەکەیدا، باسی سیاسەتی مەسوونییەتی بەرپرسانی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری  ١٣٩٨ و سەرکوتی بەرهەڵستکارانی مافی مرۆڤی کرد. هەروەها داوای لێپێچینەوە و دادگاییکردنی بەرپرسانی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد. لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکاندا، ناوبراو باسی کوشتاری زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی بەلووچی و گرتنی زیاتر لە ١٠٠ تێکۆشەری مەدەنیی کورد کرد.

نوێنەری کۆماری ئیسلامی لە نەتەوەیەکگرتووەکان دژکردەوەی توندی دژی ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان نیشان دا و دەستنیشانکردنی ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ ئێران وەک بڕیارێکی سیاسی ناوزەد کرد.

تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ لە نەتەوەیەکگرتووەکان، وتارێکی هاوبەشی لەلایەن چوار ڕێکخراو: ڕێکخراوی فەڕانسەوی "پێکەوە خەبات دژی سزای لە سێدارە"، "کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ"، "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "ناوەندی عەبدولڕەحمانی بروومەند" بە شێوەی خوارەوە پێشکەش کرد:

به‌ڕێز سه‌رۆك

ڕێکخراوی "پێکەوە خەبات دژی سزای لە سێدارە"، "کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان-ژنێڤ"، "ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران" و "ناوەندی عەبدولڕەحمانی بروومەند"، پێشوازی دەکەن لە ڕاپۆرتی ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر ئێران و سەرنجتان بۆ سەر پرسی سەرکوت و بەکارهێنانی سزای لە سێدارە لە ئێران ڕادەکێشن.

وڵاتی ئێران، یەکێک لە سەرەکیترین وڵاتەکانی دونیایە لە بەکارهێنانی سزای لە سێدارە. لە ساڵی ٢٠٢٠، لانیکەم ٢٣٠ کەس لە سێدارەدراون. زیاتر لە سێ هەزار (٣٠٠٠) زیندانی کە ٨٥ کەسیان مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵن، مەحکووم کراون بە سزای لە سێدارە و لە زیندانەکانی ئێران بە سەر دەبەن.

وەک ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێکرد، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی تاوانی هەیە کە سزای لە سێدارەدانی بۆ بەکاردەهێنێ کە پێشێلکاری ڕوونی کۆنڤانسیۆنە نیونەتەوەیەکانە کە ئێران واژۆی کردوون .

ئێمە نیگرانیی قووڵی خۆمان لەسەر ئیعدامکردنی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ئێران ڕادەگەینین کە سەرەڕای داواکاریی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و کۆمەڵگەی ئێرانی، لە سێدارە دران.

ئێمە، هەروەها، سەرەڕای دەربڕینی نیگرانیی قووڵمان، سەرنجی شۆرای مافەکانی مرۆڤ ڕادەکێشین بۆ سەر کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە سزای سێدارە وەک ئامڕازێکی سیاسی سەرکوت بە تایبەت دژی گەلانی کورد، بەلووچ و عەرەب، وەک لە ڕاپۆرتی ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان هاتووە، کوردەکان بەرزترین ڕێژەی ئێعدام لە ئێران پێکدەهێنن.

لە کۆتاییدا، ئێمە خوازیارین لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و شۆرای مافەکانی مرۆڤ کە گوشار بخەنە سەر ئێران و داوا لە کۆماری ئیسلامی بکەن بۆ:

ڕاگرتنی خێرای شەپۆلی گرتنی هەڕەمەکیی هاوڵاتیانی کورد و بەلووچ و هەروەها ئازادکردنی کۆی بەندکراوان، ڕیفۆرمی دەستگای دادوەریی ئێران و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی سزای لە سێدارە، (دانانی مۆراتۆریۆمێک لەسەر سزای لە سێدارە) بە مەبەستی هەڵگرتنی سزای لە سێدارە بە کردەوە و لە یاسادا.

ته‌یموور ئه‌لیاسی

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان - ژنێڤ