پاوە؛ ١٢ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سەباح وەلەدبەگی، مامۆستای خانەنشینکراو و بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی «نوور»
٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «سەباح وەلەدبەیگی»، هاووڵاتیی خەڵکی پاوە، مامۆستای خانەنشینکراو، چالاکی ژینگەپارێزی و بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی «نوور» و گواستنەوەی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە کرماشان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، «سەباح وەلەدبەیگی» بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە گوندی «نوریاو»ی سەر بە پاوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ئەو دوای یەک ڕۆژ، لە پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، باسی لە گواستنەوەی خۆی بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە کرماشان کردبوو و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.
سەباح وەلەدبەیگی، مامۆستای خانەنشینکراو، چالاکی ژینگەپارێزی و بەرپرسی گرووپی شاخەوانیی «نوور»ی پاوەیە و پێشتریش پێشینەی بانگکردنی بۆ ناوەندە ئەمنییەکان هەبووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان لەم پێوەندییەدا ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.