ئەمیرێکی \"دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)\" لە سەقز دەستبەسەر کرا

14:00 - 30 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: چەند کەسێک لە شاری سەقز دەستبەسەر کراون کە دەگوترێت کەسێکیان ئەمیری (خەلافەتی ئیسلامی) ناسراو بە داعش لە کوردستان بووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماڵپەڕە ناوچەییەکانی کوردستان باسیان لە دەستبەسەرکردنی کەسێک کە بە ئەمیری داعش لە قەڵەمیان داوە، کردووەو نووسیویانە، لەگەڵ \"گرووپە سەلەفی و جیهادییەکان\"ی کوردستان لە پەیوەندیدا بووە.

هەروەها نووسیویانە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئەو چەند کەسەیان لە کاتی تەبلیغات کردن بۆ \"گرووپی داعش\" دەستبەسەر کردووە.

ماڵپەڕە ناوخۆییەکان باسیان لە ژمارەی ئەو کەسانە نەکردووە و هاوکاتیش رایانگەیاندووە، کە سەرجەمی ئەو کەسانە هەڵگری چەک و تەقەمەنی بوون، کە لە شاری سەقز دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش و هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە شاری سەقز لە میدیا ناوخۆیی و ناوچەییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

پێشتر هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاندبوو، لە کاتی هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر شاری شنگال لە هەرێمی کوردستان، سەلەفییەکانی شاری سەقز لە مزگەوتی \"ساڵحاوا\"ی ئەو شارە کۆببوونەوەو لە کاتی سەرکەوتنەکانی چەکدارانی داعشدا شیرینیان لە نێو یەکتردا بڵاو دەکردەوە.

ئاژانسی کوردپا ساڵی رابردووش باسی لە چالاکیی مەلایەکی سەلەفی بەناوی مەلا \"ح، ق\"، پێشنوێژی مزگەوتی ساڵحاوای شاری سەقز کردبوو، کە لە نێو ماڵەکەیدا و بە کۆکردنەوەی منداڵانی ئەو گوندەی نزیک شاری سەقز، بانگەشە بۆ بیر و ئایدیۆلۆژی سەلەفییەتی جیهادی دەکات.

\"22794.jpg\"
رێکەوتی ٦ی خەرمانانی ئەمساڵ ئاژانسی کوردپا لەزاری چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی \"مەوانا\"ی سەربە شاری ورمێ هەواڵی یەکەمین تێکهەڵچوونی چەکداریی نێوان ‌هێزەکانی داعش و چەکدارانی سوپای پاسداران لەو گوندەدا کردبوو، کە دواتر لەلایەن \"ئەبو ئەلوالید باقییە\" یەکێک لە ئەمیرانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)ـەوە پشتڕاست کرایەوە.

رۆژنامەی \"دەیلی بیست\"ی ئەمریکا وێڕای ئاماژە کردن بە سانسۆری خەبەریی تێکهەڵچوونی چەکدارانی داعش لە نێو قووڵایی خاکی ئێران و هەروەها خۆبواردن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تێکهەڵچوونەی گوندی مەوانا، لە راپۆرتێکدا باسی لە تێکهەڵچوونێکی دیکەی چەکداریی نێوان چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی و چەکدارانی سوپای پاسداران لە نزیک شاری خۆی لە رێکەوتی ٧ی خەرماناندا کردبوو، کە تیایدا پلەدارێکی سوپای پاسداران بەناوی \"مستەفا محەمەدنژاد\" کوژرابوو.

بەپێی راپۆرتی ئەو رۆژنامە ئەمریکاییە، لە ناوچەی قەسری شیرین لە ئوستانی کرماشانیش تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی و هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا هاتبووە ئاراوە، کە بەو هۆیەوە ١١ کەس لە هێزە نیزامییەکانی هەنگی مەرزیی لە قەسری شیرین کوژرابوون.

رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ئەمساڵ، مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی باسی لە دەستبەسەر کردنی زیاتر لە ١٣٠ کەس کردبوو، کە بە گوتەی خۆی سەربە رەوتی تەکفیری (دەوڵەتی ئیسلامی) بوون.

رۆژی رابردوو ماڵپەڕەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە، کە چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، جلوبەرگی پێشمەرگەیان لەبەر کردووەو لە ناوچەی تورکمان نشینی قەرەتەپە لە ئوستانی بەعقووبە، لە سنوورەکانی وڵاتی ئێران نزیک بوونەتەوەو توانیویانە دوو گوندی ناوچەی قەرەتەپە کۆنترۆڵ بکەن.