ئەمیر پەیغامی بۆ زیندانی ناوەندی کرمان دوور خرایەوە

14:23 - 27 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری کرمان دوور خرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، ئەمیر پەیغامی، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، کە پێشتر حوکمی دوورخرانەوەی لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرابوو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری کرمان دوور خرایەوە.

پێشتر، لە ڕێکەوتی دووی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد، بە ناوەکانی تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری کرمان دوور خرابووەوە، بەڵام ئەمیر پەیغامی بە هۆی نالەباربوونی باری تەندروستی حوکمەکەی ڕاگیرابوو.

ئەمیر پەیغامی، تەمەن ٢٨ ساڵ، لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە دەستی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرا و لە دادگای نیزامیی ورمێ، لەگەڵ دوو هاونیشتمانی دیکەی کورد، بە ناوەکانی تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی بەگشتی بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کران.