ئەمیر بایەزیدی‌ ئازەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

12:59 - 11 سەرماوەز 2721

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمیر بایەزیدی ئازەر" کوڕی "مستەفا" و خەڵکی گوندی "لەج" سەر بە مەهاباد، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕێبەندانی ٩٩، ناوبراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرابوو.

ڕۆژی شەممە ۲۷ی بەفرانباری ٩٩، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەمیر بایەزیدی ئازەر لە کۆتاییدا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.