ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەد نەزەری‌دا تێدەپەڕێت

16:20 - 9 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ هەینی، رێکەوتی ٩ی جۆزەردان ٢٠ ساڵ بەسەر دەستبەسەر کرانی زیندانی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سایین قەڵا، محەممەد نەزەری‌تەمەن ٤٣ ساڵدا تێدەپەرێت، کە لە ئێستادا لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لەدەستبەسەری‌ دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سایین قەڵا، کە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئەبووزەر لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرا، پاش تێپەڕینی ٢٠ ساڵ، هەتا ئێستا لە زیندان راگیراوە و مافی چوونە مەرەخەسیی پێ نەدراوە.

محەمەد نەزەری، کە یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانیانی سیاسیی کورد لە وڵاتی ئێرانە، بە تۆمەتی لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراو بەبێ هەبوونی پارێزەر، لەلایەن دادوەر جەلیل‌زادە بەرپرسی لقی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ‌‌وە سزای لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری‌دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرییە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، کە دواجار حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، لە بەرگەی پرینتەکەی‌دا هاتووە، رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٧٨دا دەبوو لە زیندان ئازاد بکرایە کە بە وتەی هاوبەندییەکانی ئەم کارە تەنیا بۆ رق و بوغزی بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت ئەوە زیندانییە سیاسییەوە بووە.

محەمەد نەزەری، کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە مانەوەی دوو دەیە لە زیندان، لێوەکانی خۆی دووری و هاوکات بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ مانی لە خواردن گرت.

لە کاتی ئەو مانگرتنەی نەزەریدا، یەکێک لە هاوبەندییەکانی ناوبراو دیمانەیەکی لەگەڵ ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە پێکهێنابوو، کە تیایدا محەممەد نەزەری داوای کردبوو: من داوا لە هەموو خەڵكی ئێران دەكەم كە بۆ ئازاكردنم لە زیندان یارمەتیم بكەن، من نەک تیرۆر، بەڵکوو خەباتی چەكدارانەشم نەکردووە، كە وایە ١٩ ساڵ زیندانی و ئەشکەنجە بەس نییە. من داوا لە هەموو مرۆڤدۆستان دەكەم كە فەرامۆشم نەكەن و یارمەتیم بكەن و دەستم بگرن كە لەمە زیاتر ستەمم لێنەكرێت.

بەگوتەی تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری هەمیشەیی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ، هەنووکە ئاماری ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بەپێی بەڵگە و دیکیۆمێنت ٩٤٧ زیندانیی سیاسیی لە وڵاتی ئێراندا هەیە، کە لەکۆی ئەو رێژەیە ٣٩٢ کەسیان زیندانیانی سیاسیی کوردن.

وێنەی مانگێک پێش ئێستای محەمەد نەزەری لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ی زیندانی رەجایێ شاری کەرەج
\"20233.jpg\"